كوەیت رەزامەندی لەسەر دواخستنی ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزە كەڵەكەبوەكانی عیراق دەدات

بە رەچاوكردنی ئەو دۆخە دارایی و ئابوریەی رووی لە عیراق كردوە، حكومەتی كوەیت بریاریداوە ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزە كەڵەكەبوەكانی لەسەر بەغدا بۆ ماوەی ساڵێك دوابخات.
لەو بارەیەشەوە  غەسان زواوی باڵیۆزی كوەیت لە عیراق لەمیانەی دیدارێكیدا لەگەڵ هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند: ووڵاتەكەی رەزامەندە بۆ ماوەی ساڵێك وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە داراییانە دوابخات، كە پێویستە حكومەتی عیراق وەك قەرەبوی جەنگی داگیركردنی كوەیت بە ووڵاتەكەی بداتەوە.
وتیشی: كوەیت هەست بەو دۆخە داراییە سەختەی عیراق دەكات كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەری دژ بە داعشەوە رووبەرووی بۆتەوەو ووڵاتەكەشی دەوێت بەشێك بێت لەو هاوپەیمانێتیەی بۆ هاوكاریكردنی عیراق پێكهێنراوە.
ئەم رەزامەندیەی كوەیتیش بۆ دواخستنی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لەسەر عیراق دوای 
ئەو دێت كە مانگی رابردوو (زێباری) بەسەردانێك گەیشتە ئەو ووڵاتەو نامەیەكی (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عیراقی رادەستی (سوباح ئەحمەد سوباح)ی ئەمیری كوەیت كرد، كە تیادا داوایكردبوو بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و پەیوەستبوونی بە مەرجەكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیەوە بۆ وەرگرتنی قەرزی دارایی، پێدانەوەی قەرەبوی جەنگی نێوانیان دوابخات.