حەوت وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان بڕیاریاندا هەموو ئەو هەڕەشانە تێبپەڕێنن كە ڕووبەڕووی گەشەی ئابووری جیهان بوونەتەوە، هەروەها بەڵێنیاندا دوور بكەونەوە لە كەمكردنەوەی بەهای دراوەكانیان.
كۆبوونەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان كە بە (جی حەوت) ناسراوەو لە ئەمریكا، كەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتاڵیاو فەڕەنسا پێكهاتووە، لەشاری شیما لە ژاپۆن لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد: كە گەشەی ئابووری جیهان لە ئاستێكی نزمدایە، لەبەرئەوە گەشەپێدانی ئابووری دەكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان.
راگەیەنراوەكە هۆشداریداوە لەوەی هەر وڵاتێك بەئارەزووی خۆی دەستكاری نرخی دراوەكەی بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێنیاندا دووربكەونەوە لە كێبڕكێی كەمكردنەوەی بەهای دراوەكانیان، ئەمەش وەكو چارەسەرێكی مامناوەند دیاریكراوە، لەنێوان هەڕەشەكانی ژاپۆن بۆ كەمكردنەوەی بەهای دراوی یەنو هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دەستخستنە نێو بازاڕی دراو.
لای خۆشیەوە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كە سەرۆكایەتی چلو دووەمین خولی كۆبوونەوەكانی جی حەوتی دەكرد وتی: گەشەی ئابووری جیهان ئەولەویەتی كاری لوتكەی ژاپۆن دەبێت، چونكە گەشەی ئابووری لە ئاستێكی لاوازدایەو پێویستە حەوت وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان هەوڵی خۆیان لەپێناو بوژاندنەوەی ئابووری جیهان بخەنەگەڕ.