سزا ئابوورییەکانی ئەمریكا لەسەر ئێران هەڵنەگیراون

 
وێڕای هەموو دەنگۆ میدیاییەکان سەبارەت بە لابردنی سزا ئابوورییە سەپێندراوەکانی سەر ئێران، بەڵام هێشتا سزا ئەمریکییەکان هەر ماون.
جۆن سمیس، بەڕێوەبەری نووسینگەی چاودێریکردنی دراوە بیانییەکان لە گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران ماونەتەوە و، بەشێوەیەکی گشتی سزا ئەمریکییەکان هێشتا چالاکن.
لە کۆشکی سپی باراک ئۆباما لەمانگی کانوونی دووەمی رابردوودا لابردنی سزا ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەسەر ئێرانی راگەیاند، بەڵام ئەو سزایانە تەنها تایبەتبوون بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەکاتێکدا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی ئەو وڵاتە لە دۆسییەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تیرۆر، هێشتا هەر بەردەوامن.
ئەو سزایانەی کە لابران تەنیا سزا لاوەکییەکانن کە کەسانی نائەمریکی دەگرێتەوە، بەڵام سزا سەرەکییەکان کە پێشتر هەبوون و ئەمریکییەکان دەگرێتەوە، وەک خۆیان ماونەتەوە.
بانکەکانی نیویۆرک ناڕازین کە تاوەکو ئێستاش ناتوانن نە لە نزیک و نە لەدوورەوە هیچ چالاکییەکی دارایی لەگەڵ هیچ بانک و دامەزراوەیەکی ئێرانی ئەنجامبدەن. بەو جۆرەش، نە بانکە ئەمریکییەکان و نە هاوتا ئێرانییەکانیشیان ناتوانن ئەژمار لە بانکەکانی یەکدی بکەنەوە.
بانکە زەبەلاحەکانی ئەمریکا، وەک جەی پەی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس، مۆرگان ستانلی، بەنک ئۆفی ئەمریکی، تاوەکو ئێستا سەبارەت بەو بابەتە لێدوانیان نەداوە.
لانەدانی سزاکان، حەزی بازرگانانی ئەمریکی بۆ کارکردن لە کەرتە جیاجیا ئابوورییەکی ئێران زیاتر کردووە، بەتایبەتی کە تەواوی پەیکەری ئابووریی ئێران پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە.
نوێکردنەوەی پەیکەری ئابووریی وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران واتا وەبەرهێنانی بێ سنوور و سوودێکی زۆر، وایکردووە کە بەشێک لە بانکەکانی ئەمریکا وەک جەی پەی مۆرگان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ووردەکارییە یاساییەکان کردووە وەک هەنگاوێکی پێشوەخت بەمەبەستی وەرگرتنی زۆرترین سوود لە کاتی لابردنی تەواوی سزاکانی سەر ئێران.