وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات، حكومەتی هەرێم داهاتێكی كەمی لە رێگای كەرتی كارەباو ئاوو سیستەمی باج دەستدەكەوێت.
لە میانەی راگەیاندنی نەخشەرێگای ریفۆرمی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی، علی سندی، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو، حكومەت لە كەرتی كارەباو ئاو داهاتی كەمی دەستدەكەوێت وپارەیەكی زۆریش لەم دوو كەرتە خەرج دەكات و تەنها 5% باج وەردەگیرێت.
علی سندی، ئاماژە بەوەش دەكات، نەخشەرێگای ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە ماوەی (سێ) ساڵی داهاتوودا جێبەجێبكرێت بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزاروە نێوەدەڵەتیەكان دەبێت پشتی بەستووە بە 45 راپۆرت و توێژینەوەی زانستی.
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانەی وتارەكەیدا، رونیشیكردەوە، ئامانجی نەخشە رێگاكە باشتركردنی بارودۆخی ئابووری چینی هەژارو كەم دەرامەت و چاكسازییەكی ریشەییشە لە بواری دارایی و ئابووری و كارگێری.
علی سندی، ئەوەشی وت ” حكومەت هەرێم پارەیەكی زۆر لە سێكتەری ئاو و كارەبا خەرج دەكات، بەبێ ئەوەی داهاتێكی ئەوتۆی دەستبكەوێت، بۆ نموونە لە ساڵی 2011 حكومەت 270 ملیۆن دولاری لە كەرتی ئاودا خەرجكردووە لە كاتێكدا تەنها 5 ملیۆن دۆلار داهاتی ئەو كەرتە بووە”.