لە سەدا ٤٠%ی خەڵکی ئێران دەتوانن سوود لە سیستمی ئاوەڕۆ وەربگرن

جێگری بەشی کەڵک وەرگرتنی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ڕایگەیاندووە؛ تەنیا ٤٠%ی خەڵکی ئێران دەتوانن سوود لە سیستمی ئاوەڕۆ وەربگرن.
حەمید ڕەزا تەشیعی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “افکار” وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵەی کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا سوود لە ئاوی شار وەردەگرن ١٤ میلیۆن کەسە، وتی: تەنیا ٤٠%ی خەڵکی ئێران دەتوانن کەڵک لە سیستمی ئاوەڕۆ وەربگرن.
شارەزایانی بواری شارسازی و ئەندازیارانی ، بەردەوام گلەییان لە پشتگوێ خستنی ئەم بوارەی ژیانی هاووڵاتیان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە کردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئێراندا تەنیا ٧٥ پاڵاوگەی ئاوەڕۆ بوونی هەیە کە تەنیا توانای پاڵاوتنی ٩%ی ئاوەڕۆیان هەیە و ٩١%ی گەنداوەکان یان دەڕژێنە نێو ڕووبار و چەمەکان، یان زەوی هەڵیدەمژێت کە ئەمە بۆخۆی مەترسییەکی مەزنە بۆ سەر ژینگە و تەندرووستیی بوونەوەرەکان.
سیستمی ئاوەڕۆ لە ئێران لە حاڵێکدا بووەتە کێشە و قەیران کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی جگە لە بەشی پاڵاوتن، چەندین کەڵکی دیکەشیان لێ وەردەگیرێ، بۆ وێنە لە بەشی سوتەمەنی و مادەی خۆراکی بۆ ڕووەک و باخ و دارستانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان.