نرخی نەوت دابەزی

كاتژمێر 09:35ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی دووەم بەكاتی كوردستان نرخی نەوتی خاوی برنت بەڕێژەی 2.70% دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 46.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، خامی تەكساسیش بەڕێژەی 2.26 دابەزی و گەیشتە 44.52 دۆلار.

بەمەش هەردوو جۆرەكە دابەزینی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی، لەكاتێكدا كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بەرزترین نرخیان لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە تۆماركرد، پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە خاوی برینت گەیشتە 48 دۆلار و 50 سەنت.

هەروەك دابەزینەكە لەكاتێكدایە بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئۆپیك بەڕێوەبچێت، كە یەكێك لە بڕگەكان تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی كەمكردنەوەی وەبەرهێنانی نەوت تا پارێزگاری لە نرخەكەی بكرێت، نیگەرانییەكان لە ئەگەری ڕێككنەكەوتنی ئەندامانی ڕێكخراوەكە بە وتەی شارەزایان هۆكاری دابەزینەكەی ئەمڕۆ بووە.

دوێنێ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق وتی، “پێشبینی بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی نرخی نەوت دەکەین بۆیە ئەگەری زۆرە لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە نرخی نەوت بۆ سەروو 50 دۆلار بەرزببێتەوە لە بازاڕە جیهانییەکاندا”.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئۆپیک+ و کەمکردنەوەی فرۆشتنی نەوت ئیحسان عەبدولجەبار وتی، “ڕێککەوتنەکە بەهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا پابەندین پێوەی وەک چۆن وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بڕیاریان لەسەرداوە”.

پێشتر دكتۆر كامەران قادر یەعقوب، مامۆستای زانكۆ و ئابوریناس بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پێشبینی دەكرێت بەهای نەوت لە ساڵی 2021دا تا نزیكەی 65 دۆلار بڕوات، ئەوە تاڕادەیەك بوژاندنەوەیەكی باشە، بەڵام دادی عێراق نادات چونكە لە قەیرانێكی قوڵدایە”.

ئەو ئابوریناسە كوردە ئەوەشی خستەڕوو، “ڕەنگە لە ئەمساڵدا بەهای نەوت تا 55 دۆلاریش بەرزببێتەوە كە هۆكارەكەشی بۆ بوونی ئەو ڤاكسینی دژە كۆرۆنایانە دەگەڕێتەوە”.