رێککەوتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگای ئێرانەوە کۆتایی پێنەھاتووە

نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران رایگەیاند، ھێشتا رێککەوتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگای ئێرانەوە کۆتایی پێ نەھاتووە.

“نازم عومەر” نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران  رایگەیاند، ئەوەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تاراندا ئیمزا کراوە تێگەیشتننامەیەو ھێشتا نەبووە بە رێککەوتن و کۆتایی پێ نەھاتووە، دەبێت ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی ھەرێم بڕیاری کۆتایی لە سەر بدات، دواتر بۆ ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنە وەفدی ھەردوولا جارێکی تر کۆببنەوە. 

 

“نازم عومەر” ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر وادەیەک دیاریکرابوو بۆ ئیمزاکردنی ئەو تێگەیشتننامەیە کە لە ٥ی نیسان تا ٥ی ئایار کۆتایی پێبێت، بەڵام تائێستا ھیچ وەڵامێک لەسەر ھۆکاری ئیمزانەکردنی لەو وادەیە باس نەکراوە

 

“نازم عومەر” وتیشی، ئەگەر رێککەوتنەکە کۆتایی بێت، لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرێگای تەنکەر لە ھەرێمەوە رەوانەی ئێران دەکرێت، دواتریش لە رێگای بۆڕیەوە رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رەوانەی ئێران دەکرێت.