كونسوڵی کۆریا پشتیوانی کاری ھاوبەش دەکات لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان


بەمەبەستی بەھێزکردنی کاری بازرگانی و پیشەسازی، کونسوڵی گشتی کۆریای باشور “چۆی کوانژین” لەھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردو لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور پێشوازی لێکرا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند “خۆشحاڵین بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا کۆریەکان تا بتوانن وەبەرھێنان بکەن لەکوردستان لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی ناوخۆیی دەدات لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، ئێمە دەتوانین ھاوکارتان بکەین بۆ ھێنانی کۆمپانیاکان و کارکردنیان لەکوردستان، دەتوانن کارگەی دروستکردنی تایەی ئۆتۆمێل و پارچەی ئۆتۆمبێل لێرە دابنێن و سودی لێوەرگرن و کارگەی ئۆتۆمبێل بکەنەوە کە ئەمە دەرفەتێکی باش دەدات بەووڵاتی کۆریا”.

ئاماژەی بەوەشدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی داوامانکردووە ناوچەی ئازاد دروستبکرێت و بخرێتە بواری جێ بەجێکردن بۆ کاری بازرگانان و فراوانبونی گەرتی پیشەسازی و بازرگانی، ئەو وتی “لەئێستادا پرۆژەی گەنجینەکانی سلێمانی لەسەر ڕوبەری ١٠٠ دۆنم لەجێ بەجێکردندایەو چەند کۆمپانیایەکی وڵاتی کۆریا کە بریکارەکانیان لەکوردستانە جێگەی تایبەتیان بۆ دیاریکراوە”.

ئەوەشی ڕونکردەوە شاری سلێمانی لە٣٥٪ پیشەسازی عێراق دابین دەکات کە چەندین کارگەی گەورەی تێدایەو بەرھەمەکانیان ھەناردە دەکەن بەرەو شارەکانی خواروی عێراق و ووڵاتانی دەرەوە”.

جەختیکردەوە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەی ھەموو ھاوکاریەکین لەھاتنی ھەرجۆرە کارگەیەک چونکە لە ئێستادا عێراق گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆیی دەدات و ڕێگری لەھاوردەکردن دەکات گەر بەرھەمێک لەناوخۆدا بەرھەم بھێندرێت، بۆیە دانانی کارگە لەکوردستان دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ھەموو عێراق”.

سەرۆکی ژوور ئەوەشی ڕونکردوە، كۆمپانیا بیانیەکان دەیانەوێت دوبارە بێنەوە کوردستان‌و کاری وەبەرھێنان بکەن کە لەماوەی ڕابردودا بەھۆی شەری داعش گەرابونەوە وڵاتەکانیان.

چۆی کوانژین، كونسوڵ گشتی وڵاتی کۆریا، لەھەولێر لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند ” وەک وڵاتی کۆریا توانیومانە لەھەرێمی کوردستان کاربکەین و پشتیوانی حکومەتی ھەرێم بکەین ولەئێستاشدا دەمانەوێت کەرتی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر بەھێز بکەین لەگەڵ بازرگانان بەپشتیوانی ژوورە بازرگانیەکان”.

ڕاشیگەیاند “لەباشوری کوردستان ١٥٠٠ بازرگانی کۆری ھەیە کە لەبواری بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرھێنان کار دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیدان بەپەیوەندیەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان”.

ئەوەشی ڕونکردەوە کە لەسەرەتای ساڵی داھاتودا دیدارێکی گەورە ئەنجام دەدەن لەنێوان بازرگانانی کۆریاو کوردستان بۆ زیاتر ئاشنابون بەکاری ھاوبەش و یەکتر ناسین.