كۆمپانیای فۆردی ئەمریكی زۆرترین بڕی قازانج بەدەست دێنێت

كۆمپانیای فۆردی ئەمریكی لەماوەی سێ‌ مانگدا 2 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلاری قازانج كردووە، كە بە زۆرترین بڕی قازانج دادەنرێت لە مێژووی خۆیدا بەدەستی هێنابێت. 
كۆمپانیای فۆرد بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا یەك ملیۆن‌و 700 هەزار ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە، كە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 10 زیادیكردەوە، بەرزبوونەوەی خواستیش لە ئەمریكا‌و ئەوروپا بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلی فۆرد، هۆكاری سەرەكی بووە بۆ ئەوەی بتوانن قازانجێكی زیاتر بەدەستبهێنن. 
كۆمپانیای فۆرد ئاماژەی بەوەشكردوە: كۆی داهاتی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا گەیشتوەتە 37 ملیار‌و 700 ملیۆن دۆلار، هەروەها پێش دەركردنی باج، كۆی قازانجەكانی 3 ملیار‌و 800 ملیۆن دۆلار بووە‌و لەدوای دەركردنی باجیش 2 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلاریان بۆ ماوەتەوە، كە ئەوەش بە بەرزترین بڕی قازانج دادەنرێت لەماوەی 112 ساڵی رابردوودا.