دابەزاندنی نرخی دۆلار‌و بەرزكردنەوەی بەهای دینار ‌

بانكی‌ ناوەندیی عیراق لەدوای‌ پڕۆسەی‌ ئازادییەوە، ئەركێكی‌ قورسی‌ كەوتۆتە سەرشان، بەتایبەت كە عیراق لەو مێژووە بەدواوە بڕیاریداوە سیستمی‌ ئابوورییەكەی‌ بگۆڕێ بۆ سیستمی‌ بازاڕی‌ ئازاد، لەبەرئەوە بەشێكی‌ زۆر لەو گۆڕانكارییانەی‌ سیستمی‌ بانكیی عیراق لەبازاڕێكی‌ داخراوەوە بەرەو بازاڕێكی‌ كراوە دەبات، لەئەستۆی‌ بانكی‌ ناوەندییە، تائێستاش بەپێی‌ راپۆرتی‌ بانكی‌ نێودەوڵەتی‌ ئەو پڕۆسەیە بەباشی‌ بەڕێوەدەچن‌و عیراق لەوڵاتێكی‌ وێرانەوە بەرەو وڵاتێكی‌ نوێی‌‌و ئابووری‌ باشتر هەنگاو دەنێ‌و بەهای‌ دراوەكەیشی‌ رۆژ بەڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.
پەرلەمان پشتیوانیی لێدەكات
بانكی‌ ناوەندیی عیراق رایگەیاند، نامەیەكی‌ لەبانكی‌ نێودەوڵەتییەوە بۆهاتووە، كە تیایدا دەستخۆشی‌ لەبانكی‌ ناوەندیی دەكات، ئەویش دوای‌ دەرچوونی‌ راپۆرتی‌ كۆمپانیایەكی‌ تایبەت بەوردبینی‌، سەبارەت بەكارەكانی‌ بانكی‌ ناوەندیی عیراق لەبواری‌ چاكسازیی كەرتی‌ بانكییدا. 
بانكی‌ ناوەندیی عیراق لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی‌ بەوەكرد، كە چەند ساڵێكە بەهاوكاریی بانكی‌ نێودەوڵەتیی پڕۆژەی‌ چاكسازیی بانكیی‌و بەهێزكردنی‌ چاودێریی بانكیی لەعیراق جێبەجێ دەكات، لەپێناو گەیشتن بەدەزگایەكی‌ بانكیی پێشكەوتووی‌ بانكیی لەعیراقدا.
هاوكات ئوسامە نوجێفی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق پشتیوانی‌ پەرلەمانی‌ بۆ بانكی‌ ناوەندی دەربڕی‌ بۆ بەهێزكردنی‌ پشتیوانەی‌ دارایی بانك‌و كۆنترۆڵكردنی‌ نرخی‌ دینار بەرامبەر بەدۆلار‌و راشیگەیاند، پێویستە ئەو رێوشوێن‌و هەنگاوانە تەواو بكرێن كە تایبەت بەپێشخستنی‌ كاری‌ بانكی‌ ناوەندی لەڕووی‌ كاری‌ ئەلیكترۆنی‌‌و پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی‌ وەك گومرگ‌و چاودێریی‌و بانكەكانی‌ تردا.
جێگیركردنی‌ نرخی‌ دینار
لەم ماوەیەی‌ دواییدا‌و بەتایبەت دوای‌ دەربازبوونی‌ عیراق لەبەندی‌ حەوتەمی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان، بانكی‌ ناوەندی لەهەوڵی‌ بێوچاندایە بۆ جێگیركردنی‌ نرخی‌ دۆلار لەبازاڕدا‌و تەنانەت دابەزاندنیشی‌، لەهەنگاوێكیشدا بەو ئاراستەیە بانكی‌ ناوەندی‌ لەمانگی‌ تەمووزدا لەگەڵ كۆمەڵەی‌ بانكەكانی‌ عیراق رێككەوتن بۆ دابەزاندنی‌ نرخی‌ دۆلار‌و جێگیركردنی‌ لەئاستی‌ 1180 دینار بەرامبەر بەیەك دۆلار.
سەرچاوەیەكی‌ بانكیی لەوباریەوە بەسایتی‌ (المسلە)ی‌ راگەیاند، كە كۆمەڵەی‌ بانكەكانی‌ عیراق سەرجەم بانكەكانی‌ ئاگاداركردۆتەوە، كە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەن‌و جەختی‌ لەسەر ئەوەشكردەوە، كە ئەو  هەنگاوە لەگەڵ پلان‌و هەوڵەكانی‌ بانكی‌ ناوەندیی عیراقدا دەگونجێت، كە بۆ دابەزاندنی‌ نرخی‌ دۆلار خستوویەتەگەڕ.
كارناكاتە سەر یەدەك
سەبارەت بەهەوڵەكانی‌ بانكی‌ ناوەندیش بۆ جێگیركردن‌و دابەزاندنی‌ نرخی‌ دۆلار بەرامبەر بەدراوی‌ نیشتمانی، پەرلەمانتارانی‌ لیژنەی‌ دارایی بانكی‌ ناوەندیی دڵنیا دەكەنەوە كە زیادكردنی‌ فرۆشتنی‌ دۆلار كە بانكی‌ ناوەندیی عیراق رۆژانە ئەنجامی‌ دەدات، كارناكاتە سەر یەدەكی‌ دراوی‌ قورس. 
ئەمین هادی‌ عەباس ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق لەوبارەیەوە رایگەیاند، كاریگەریی‌ زیادكردنی‌ بڕی‌ ئەو دۆلارەی‌ رۆژانە بانكی‌ ناوەندیی لەبازاڕدا دەیفرۆشێت لەسەر یەدەكی‌ دراوی‌ قورسی‌ عیراقی‌ بەدوور دەزانرێت. جەختی‌ لەسەر ئەوەشكردەوە، كە بانكی‌ ناوەندی دەستی‌ كراوەیە لەفرۆشتنی‌ دۆلار‌و هیچ ئاستێكی‌ بۆ دیارینەكراوە، بەڵكو بەپێی‌ پێویستی‌ بازاڕ دۆلار دەفرۆشێت.
بانكە ئەهلیەكان دەستی‌ بەسەردادەگرن
ئەو ئەندامەی‌ لیژنەی‌ دارایی ئەنجومەنی‌ نوێنەران ئاماژەی‌ بەوەشكرد، زۆربەی‌ بانكە ئەهلییەكان بەشێكی‌ زۆر لەو دۆلارەی‌ كە بانكی‌ ناوەندی‌ دەیفرۆشێت دەكڕن‌و دەستی‌ بەسەردا دەگرن، ئەوەش هەڵەیە‌و نیشانەی‌ ئەوەیە كەبانكە ئەهلییەكان لەسیاسەتی‌ كڕین‌و فرۆشی‌ بانكی‌ ناوەندی تێنەگەیشتوون، دەرەنجامەكەیشی‌ هەرچییەك بێت لەئەستۆی‌ بانكی‌ ناوەندییدا نییە.
لەبارەی‌ باشتركردنی‌ پڕۆسەی‌ كڕین‌و فرۆشی‌ دۆلار‌و دابینكردنی‌ دراوی‌ قورسەوە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانەوە، ئەمین هادی‌ عەباس ئەندامی‌ لیژنەكە وتی‌:»پێویستە وەزارەتی‌ دارایی عیراق بانكی‌ حكومیی لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ پارێزگا جیاجیاكانی‌ عیراق بكاتەوە، بۆ ئەوەی‌ دراوی‌ قورس واتە دۆلار بگاتە دەستی‌ هەموو هاوڵاتییەك كە پێویستی‌ بەكڕینی‌ هەبێت‌و دۆلار لەلایەن بانكی‌ ئەهلی‌، یان كەسێكی‌ دیاریكراوەوە قۆرغ نەكرێت».