نرخی نەوت نزیك دەبێتەوە لە 50 دۆلار

دای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە نرخی نەوت بە ڕێژەی 2% بەرزبوونەوەی تۆماركرد، ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە بەهاكەی بەرزبووەوە و لە ئێستادا لەگەڵ نرمبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە 50 دۆلار نزیك دەبێتەوە، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، بەرزبونەوەی نرخی نەوت ڕەنگە لەسێ مانگی داهاتوو دەربكەوێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، كە ئاژنسی (ڕۆیتەرز) بڵاویكردۆتەوە، نرخی نەوت بە بەراورد بە ماوەی ڕابردوو نزیكەی 80% بەرزبۆتەوە، بەو پێەی لە سەرەتای ئەمساڵدا و بەراورد بە 12 ستاڵی ڕابردوو گەورەترین شكانی تۆمار كردبوو، كە نرخی یەك بەرمیل نەوتی برنت بۆ 27 دۆلار و یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی بۆ 26 دۆلار دابەزیبوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخ نەوت بە ڕێژەی 20% بەرزبووەوە و گەورەترین دەستكەوتی بۆ وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت تۆمار كردووە.
دوای ئەوەی دوێنێ‌ پێنج شەممە، نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ سەروو 47 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە نرخی نەوت بەرزبووەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوتی برنت 96 سەنتی چووە سەر و بووە 48 دۆلار و 14 سەنت.
هاوكات نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی بۆ هەر بەرمیلێك 70 سەنتی چووە سەر و بووە 46 دۆلار و 03 سەنت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، قوباد تاڵەبانی ؛جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم؛ لە دیداری مێری ڕایگەیاند، ئەو داهاتەشی دەستمان دەكەوێ دابەشی دەكیەن بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئێستا لەهەوڵداین بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و بەڵێنیش دەدەین، كە موچەی هیچ موچەخۆرێك ون نابێت و پیاچونەوەشمان كردوە بەخەرجی بەكاربردن و وەزارەتەكانمان كردوە و لە 46%ی خەرجیەكانمان كەم كردۆتەوە و سیستەمی موچەش رێك دەخەینەوە..
وتیشی: “هەموو هەوڵێكمان داوە خەڵكی هەژار بپارێزین و ئێستا پێشینەكانمان راگرتوە، بەڵام رەنگە لەسێ مانگی داهاتودا بۆمان دیار بێت خەزێنەمان زیاتر بوبێت، بەڵام ماوەی مانگێك زیاتر 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك ڕاگیراوە و نزیكەی 130 ملیۆن دۆلار لەداهات كەمتر بوە و ماوەی 26 ڕۆژ وەستا لەبەر چەند هۆكارێك، هەموو مانگێكیش لەهەوڵی جدی داین بۆ ئەوەی داهات كۆبكەینەوە بۆ پێدانی مووچە”.
جەختیشی كردەوە، بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش رەنگە لەسێ مانگی داهاتوو دەربكەوێ.
 
لە ماوەی ِرابردوودا، سەفین دزەیی ؛وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم؛ بۆ ئاژانسی (بلومبێرگ) ڕایگەیاند، كە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دابەشكردنی مووچە ئاسایی دەبێتە و حكومەت چاو بە سیسمی مووچە دەخشێنێتەوە.