هەرێمی کوردستان هەوڵی هێنانی گەشتیاری عەرەب دەدات

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی گەشتیاری عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان بهێنێت.



دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵدا کۆنفرانسی هێنانی گەشتیارانی جیهان بە بەشداری کۆمپانیا جیهانییەکان لە 30 وڵاتی جیاواز سازدەکات، هەروەها لەهەوڵی هێنانی گەشتیاری عەرەبن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیا ئامادەییان دەربڕیوە گەشتیار بهێنن.



نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند “لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان رێککەوتووین بۆ هێنانی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان، بەو مەرجەی لە بازگەکاندا کارئاسانیان بۆ بکرێت، هەر کۆمپانیایەکیش گەشتیار بهێنێتە هەرێمی کوردستان، باجەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکرێتەوە، هەر کۆمپانیایەکیش گەشتیار بباتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان باجەکانی سەری زیاد دەکرێت بەشێوەیەک لەساڵێکدا 4 ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێت.



رۆستی هەروەها رایگەیاند “بۆ  هێنانی رێژەیەکی زیاتری گەشتیاران لەگەڵ رێستۆرانت و میوانخانەکانیش رێککەوتووین بە داشکاندنی لەسەدا 50%ی نرخەکانیان، ئەوانیش بە مەرجی هێنانی گەشتیار بۆ رێستۆرانت و میوانخانەکان  لەسەر ئەمە لەگەڵمان رێککەوتوون”.