کۆمپانیا گەورەکانی بەریتانیا ھۆشداریی دەدەن

 
ژمارەیەک لەکۆمپانیا گەورەکانی بەریتانیا ھۆشداری دەدەن لەجیابوونەوەی وڵاتەکەیان لەیەکێتی ئەوروپا و رایدەگەیەنن، جیابوونەوەکە زیان بە ئابوری بەریتانیا دەگەیەنێت و ھەڕەشەش دەبێت بۆسەر کەمبوونەوەی ھەلی کار لەو وڵاتەدا.
 
رۆژنامەی” تایمز”ی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی نەوت و پەیوەندی و فرۆشتنەکان ئەنجامداوە کە سێ کۆمپانیای گەورەی بەریتانیان ئەوەیان ئاشکراکردووە، جیابوونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا زیان بە ئابوری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت و رێژەی بێکاریش زیاتردەکات.
 
بەڕێوەبەری ئەو سێ کۆمپانیا گەورەیەی بەریتانیا راشیانگەیاندووە، مانەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا زیاتر بەریتانیا بەھێزتر دەکات و لەرووی ئەمنیی و وەبەرھێنانیشەوە بەرەوپێشەوەدەچێت.
 
لێدوانەکانی بەڕێوەبەری ئەو سێ کۆمپانیا گەورەی بەریتانیاش پێچەوانەیە لەگەڵ وتەکانی”بۆریس جۆنسن” سەرۆکی شارەوانیی لەندەن کە رایگەیاندبوو، ئەگەر بەریتانیا لەیەکێتیی ئەوروپا بچێتە دەرەوە دوارۆژێکی باش چاوەڕوانی دەکات.
 
دوای زنجیرەیەک دانوستان، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا پێکھاتن لەسەر مەرجەکانی بەریتانیا بۆ مانەوە لە یەکێتیەکەدا، ھاوکات دەیڤید کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش ھەڵمەتێکی بۆ مانەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێکرد و ھانی ھاووڵاتیان دەدات لە ریفراندۆمەکەدا دەنگ بەمانەوەی وڵاتەکەیان بدەن لەناو یەکێتی ئەوروپادا.