سعودیە: بە تەمای دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت مەبن

 
“ئێمە بەرهەمهێنانی نەوت كەم ناكەینەوە” ئەمە كورتەی پەیامی عەلی ئەلنعێمی، وەزیری نەوتی سعودیە بوو لە كۆنفرانسی سێراویك (CERAWEEK) كە لە هۆستن، لە ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا بەڕێوەچوو. بەم هەڵوێستە، ئەلنعێمی ئاوێكی ساردی بە جەستەی بازاڕی نەوتی جیهاندا كرد.



ئەم سەرسەختییەی سعودیە و هاوپەیمانەكانی لەناو ئۆپێك، بەو مانایەیە كە ئابووریی جیهانی لانیكەم بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكەش نەوتی هەرزان دەخواتەوە، ئەمەش درێژكراوەی ئەو سیاسەتەیە كە ئۆپێك لە ساڵی 2014ەوە پەیڕەوی دەكات و رێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات بە لێشاو نەوت بەرهەم بهێنن، بۆ ئەوەی بازاڕ خۆی دۆڕاو و براوە دیاری بكات. بڕیارەكەی سعودیە لە كاتێكیشدایە كە چاوەڕێ ناكرێت هیچ وڵاتێكی هەناردەكاری سەرەكیی وزە، لەوانەش رووسیا و ئەمریكا، ئامادە بن بەبێ دەستپێشخەریی سعودیە ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزێنن.



وەزیری نەوتی سعودیە لە كۆنفرانسەكەی سێراویك رایگەیاند “بەهای كەمی نەوت بەرهەمهێنەرە زیادە و نائابوورییەكان لە بازاڕی نەوت دەردەكات، بەمەش هەر خۆی جۆرێك لە هاوسەنگی بۆ بازاڕەكە دەگەڕێنێتەوە”. 
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو بەهای نەوت بەرزبوونەوەیەكی كاتی بەخۆیەوە بینی، لە كاتێكدا زۆربەی بازرگانان چاوەڕێیان دەكرد سعودیە بەبڕیاری كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوت بە هانای بازاڕی نەوتەوە بێت. بەڵام بەم قسانەی لە كۆنفرانسەكەدا، جارێكی دیكە بازاڕی دڵسارد كردەوە، بۆیە نرخەكان لە نیویۆرك و لەندەن بەڕێژەی 5% دابەزین.



وەزیری نەوتی سعودیە هەر بەمە نەوەستا و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئابووریی وڵاتەكەی ئامادەیی ئەوەی هەیە لەگەڵ نرخی 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هەڵبكات، ئەگەرچی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەم هەڵوێستەی وڵاتەكەی بە مانای راگەیاندنی جەنگ لە دژی نەوتی بەردینی ئەمریكا نییە. پێشتر ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی كردبوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریكا بەبڕی 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزێت، ئەمە یەكەم دابەزینی لەمجۆرەیە لە ساڵی 2008ەوە.



گوتەكانی ئەلنعێمی تەنیا هەفتەیەك دوای كۆبوونەوەی سعودیە، رووسیا، قەتەر و ڤەنزوێلا هات كە هەر چوار وڵات رێككەوتن لەسەر ئەوەی دەرهێنانی نەوت لە ئاستی مانگی یەكەمی ساڵی 2016دا رابگرن و هیچكام لە وڵاتەكان بەرهەمهێنانی نەوت بەرز نەكاتەوە، ئەگەرچی راگەیەندراوی ئەنجامی كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكە جۆرێك لە هیوای بۆ بازاڕی نەوت گەڕاندەوە و زۆربەی چاودێران چاوەڕێیان دەكرد ئەمە یەكەم هەنگاو بێت بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام نعێمی ئەو هیوایەشی كردەوە بە هیچ، نەك هەر لەبەرئەوەی ئەم رێككەوتنە پێویستی بە رازیبوونی ئێران و عێراقیش هەیە، بەڵكو لەبەرئەوەی بە گوتەی نعێمی ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەك بەمانای كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان نایەت.