ناكۆكییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی ئۆپێك قووڵتر دەبنەوە

 
مانگی رابردوو نرخی نەوت ریكۆردێكی دیكەی دابەزینی تۆمار كرد، زلهێزەكانی بەرهەمهێنانی نەوتیش نەیانتوانیوە لەسەر كاردانەوەیەكی گونجاو رێكبكەون. ئۆلیگیۆ دێل پینۆ، وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ ماوەی هەفتەیەك سەردانی وڵاتە جیاوازەكانی بەرهەمهێنەری نەوتی كرد، بەڵام دواجار بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە كاراكاس. ئامانجی دێل پینۆ لەم سەردانانە ئەوە بوو كۆبوونەوەیەك لەنێوان وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێكدا رێكبخات، بەڵكو لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هەماهەنگی پێویست بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بكەن. شكستی هەوڵەكانی ڤەنزوێلا بەڵگەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی كەنداوی ئەندام لە ئۆپێك سوورن لەسەر ئەوەی شوێنی خۆیان لە بازاڕی نەوتدا بە هیچ لایەنێكی دیكە نەدەن. لە نۆڤەمبەری 2014ەوە سعودیە و هاوپەیمانەكانی رایانگەیاندووە كە بازاڕی نەوت دەبێت خۆی خۆی راست بكاتەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سعودیە و هاوپەیمانەكانی لەنێو ئۆپێكدا ئەو دەسەڵاتەی جارانیان لە بازاڕی نەوتدا لەدەستداوە، سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بە دوو شێوازی جیاواز مامەڵەی كردووە:
یەكەمیان ئەوە بووە كە یەدەگە زەبەلاحەكەی خۆی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لەساتەوەختی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا، ئەو بۆشاییە بۆ وڵاتانی جیهان پڕبكاتەوە، بۆ نموونە لە ماوەی جەنگی یەكەمی عێراقدا لە سەرەتای نەوەتەكان، سعودیە ئەو بۆشاییەی پڕكردەوە كە لەلایەن كوێت و عێراقەوە دروستكرابوو، بەمەش پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئەمریكا باشتر كرد. دووەم: لە كاتی دابەزینی بەهای نەوتدا، سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێنەر رێژەی دەرهێنانی نەوتی دادەبەزاند.
لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە بازاڕی نەوت چوار شۆكی گەورەی بینیوە كە لە سێیاندا سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێندا كاری كردووە: لە كاتی قەیرانی دارایی ئاسیا لە 1997، هەروەها دوای 11ی سێپتەمبەر و دواتریش لە كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی جیهانی.
بەڵام شۆكەكەی ئەمجارەیان جیاوازە لەو سێ حاڵەتەی لەسەرەوە باسیان لێوەكرا، لەبەر ئەوەی رەگوڕیشەی ئەوان لەناو قەیرانی ئابووری و بازرگانیی جیهانیدا بوو، بەڵام لە شۆكەكەی ئەمجارەیاندا نەوتی شەیلیش هاتووەتە سەر خەت، هەر بۆیە رێككەوتن لەسەر كاردانەوەیەكی گونجاو وەكوو جاران ئاسان نییە، بە تایبەتیش لە كاتێكدا كە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2015ەوە رادەی بەرهەمهێنانی نەوتی باكووری ئەمریكا هەتا 9.2 ملیۆن بەرمیل لە یەك رۆژدا چووە.
وڵاتانی كەنداو لەبەرامبەردا ئاماژە بەوە دەكەن كە سیاسەتی ئەوان ئەوەیە لەسەر ئەم رەوتەی ئێستا بەردەوام بن، گەشبینیشن بەوەی لە 2017دا دەتوانن بەری ئەم سیاسەتەی خۆیان دروێنە بكەن، بەڵام شارەزایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بۆ ئەوەی ئەم پێشبینییە بەبێ دابەزاندنی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك وەدی بێت، پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی باكووری ئەمریكا بوەستێ.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت ئەوە بووە، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كێشەی جیاوازیان هەیە، هەر بۆیەش ئەگەرچی هەندێك لە وڵاتان داوای كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان دەكەن، وڵاتانێكی دیكە هەن كە سوورن لەسەر ئەوەی درێژە بە رەوتی ئێستایان بدەن. بۆ نموونە دابەزینی نرخی نەوت لێكەوتەی سیاسی زۆر كارەساتباری بۆ كۆمەڵێك وڵاتی وەكوو ڤەنزوێلا هەبووە، هەر بۆیەش هیچ سەیر نییە كاراكاس لەناو ئۆپێكدا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە داوای كەمكردنەوەی رادەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن، رووسیا، ئیكوادۆر، نایجیریا، جەزائیر و عێراقیش بەهۆی تێكچوونی هاوسەنگیی بازاڕی نەوت تووشی كێشەی گەورە بوونەتەوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگیی نێوان ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك، جارێكی دیكە نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.
بەڵام سعودیە بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم داواكاریی ئەم وڵاتانەدا، لە كاتێكدا ریاز دەبینێت عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی یەكجار بەرزكردووەتەوە، چاوەڕێ دەكرێت ئێرانیش بەهۆی لاچوونی سزا نێودەوڵەتییەكان ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزتر بكاتەوە، هاوكات رووسیاش لە ماوەی یەك دەیەی رابردوودا تۆڕی هەناردەكردنی نەوت و غازی خۆی فراوانتر كردووە، بە تایبەتیش كە بۆڕییە نەوتییەكانی رۆژهەڵاتی سیبریا و زەریای ئارام بە تەواوەتی كەوتوونەتە كار. سعودیە دەبێت لەسەر بازاڕی چین ركابەریی رووسیا بكات، لە كاتێكدا هەر ئێستاش گەورەترین فرۆشیاری نەوت بە چین هەر ریازە. ئەگەرچی ئالێكساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپێك دەربڕیوە، ئیگۆر ساچین، سەرۆكی كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئامادە نین هاوكاریی ئۆپێك بكەن، بەپێچەوانەوە بە نیازن هەناردەكردنی نەوتی رووسیا بۆ چین زیاتر بكەن.
كێشەیەكی دیكە نەبوونی متمانەیە لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا. سعودیە ناتوانێت متمانە بە رووسیا و ئێران بكات بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەسەر رێككەوتنی هەماهەنگی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا بەردەوام بن، وەكوو چۆن لەساڵی 2001دا رووسیا تەنیا 6 مانگ پابەند بوو بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت. لەلایەكی دیكەوە گەیشتن بە رێككەوتن لەناوخۆی ئۆپێكیشدا كارێكی ئاسان نییە، بە تایبەتیش ئەگەر مەسەلەكە بەرهەمهێنان بەپێی پشك بێت.
لەلایەكی دیكەوە، سعودیە دەبینێت ئێران دوای لادانی سزا نێودەوڵەتییە ئەتۆمییەكان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەرزتر بكاتەوە، تەنیا لە یەك مانگی رابردوودا ئێران لەگەڵ كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی لەسەر هەناردەكردنی رۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەم كۆمپانیایە رێككەوتووە، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هەر یەكە لە كۆمپانیاكانی ساراس و ئێنی ئیتاڵیاش لەسەر هەمان رادەی هەناردەكردنی نەوت رێككەوتووە. ئێران جەخت دەكاتەوە كە ئامادە نییە لە رادەی ئێستای هەناردەكردنی نەوتی خۆی كەم بكاتەوە، بەڵكو ئەگەر كەمیشی بكاتەوە، لەو رێژەیە كەم دەكاتەوە كە لە دوای لادانی سزاكان پلانی فرۆشتنی بۆ دانراوە.
ئێران و سعودیە و رووسیا پێكەوە چارەكێكی پێویستییە نەوتییەكانی جیهان دابین دەكەن، هاوكات بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی باكووری ئەمریكا بە خێراییەكی زۆر لەزیادبووندایە، ئەگەر ئەم چوار لایەنە نەتوانن لەسەر كەمكردنەوە و كۆنترۆڵكردنی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت رێكبكەون، ئەوە كۆنترۆڵی نرخی نەوت لە دەستی بازاڕی جیهانی و رێژەی گەشەی ئەو بازاڕەدا دەمێنێتەوە، لێرەشدا وڵاتانێكی وەكوو ڤەنزوێلا، نایجیریا و عێراق باجێكی قورس دەدەن.