تاکو 2020 نرخی نەوت ناگاتەوە 80 دۆلار

 
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، کایسوکی سادامۆری رایدەگەیەنێت کە بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکانیان دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە باشترین دۆخدا نرخەکان وردە وردە ڕوو لە هەڵکشان دەکەنەوە و بە شێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتەوە ٨٠$ و رەنگە کەمتر بێت و لە سنوری ٥٠$ بۆ ٦٠$ بمێنێتەوە.



بەپێی چاوپێکەوتنێک کە ماڵپەڕی ئێنێرجی فیوز لەگەڵ سادامۆری سازی کردووە بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت کە پلانێکی نوێیان داناوە تاوەکو وڵاتانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەگەری بەرزبونەوەیەکی کەمی نرخەکان تاکو ساڵی ٢٠٢٠ کە ڕەنگە لە سنوری ٥٠$ بۆ ٦٠$ بمێنێتەوە و ئەمەش بەهای وەبەرهێنانی وزەی ساڵانە بۆ ٦٠٠ ملیار دۆلار دادەبەزێنێت کە زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت. 



سادامۆری ڕایدەگەیەنێت کە دابەزینی نرخەکان بەم شێوەیە بازاڕی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک دوبارە گەرم دەکات کە لەوێ بەرهەمهێنانی نەوت تێچوویەکی کەمی هەیە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی شێڵ (نەوتی شێڵ لە بەرد بەرهەمدەهێندرێت و تێچویەکی زۆری هەیە) وەک ئەمریکا لەگەڵ دابەزینی نرخەکانی نەوتدا چیدی بۆیان هەڵناسوڕێت نەوت دەربهێنن و تێچووی دەرهێنان لە قازانجی فرۆشتنەوە زیاتربوە، بەپێی پێشبینیەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ٢٠١٦ دا دەرهێنانی نەوتی شێڵ ڕۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل کەم دەکات.

ئەمە وا دەکات کە بازاڕەکانی جیهان ڕوو بکەنەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامانی ئۆپیک بۆ نەوتی خام کە تێچوویەکی بەرهەمهێنانی کەمی هەیە. بە وتەی سادامۆری ئەمە مەترسیەکی جوگرافی زۆر زیاتر لەسەر بەرهەمهێنانی وزە دروست دەکات لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە ئاسایشێکی ناسەقامگیریان هەیە و بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت مەترسین، جگە لەمە گەر نرخی نەوت لە سنوری ٥٠$ – ٦٠$ بمێنێتەوە ئەوا خواستی نەوت ڕوو لە هەڵکشانێکی بەرچاو دەکات. 



سادامۆری ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەمریکا زیانلێکەوتویەکی بەرچاوە لە دابەزینی نرخەکانی وزەدا لەبەر نرخی تێچووی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵ لەو وڵاتە، جگە لەمەش بەڕازیل کە قوڵایی دەریاکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاردێنێت هەروەها بەدەست دابەزینی نرخی نەوت و گەندەڵی کەرتی نەوتەوە دەناڵێنێت. چاوەڕوان دەکرا ڕوسیا لەگەڵ دابەزینی نرخەکانی نەوت و ئەو ئابڵۆقە ئابوریانەی خراونەتە سەری، کەرتی بەرهەمهێنانی پەک بخرێت، بەڵام تاکو ئێستا دابەزینێکی بەرچاو بەدی ناکرێت و بەپێی پێشبینیەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئاستی بەرزی بەرهەمهێنانیان لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. 



سادامۆری پێشبینیەکانی دەزگاکەی دەخاتەڕوو و دەڵێت کە لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ دا خواست لەسەر نەوتی خاو بەتەواوی دابەزیبوو، بەڵام ئێستا و لە سەرەتای ٢٠١٦ دا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە خواستی کڕیاران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبووە و رۆژانە ٢ ملیۆن بەرمیل خواستی زیادە دەبیندرێت، ئەمەش وا دەکات کە پێش تەواوبوونی ٢٠١٦ هاوسەنگیەک لە نرخی نەوتدا دروست ببێتەوە و نرخی نەوت وردە وردە ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام ئەوەش ئاشکرا دەکات کە فاکتەرێکی تری گەورە ڕەنگە گۆڕانکاری دروستبکات ئێرانە، گەر ئێران سەرکەوتووانە بگەڕێتەوە بازاڕی نەوت ئەوا چەند سەد هەزار بەرمیل نەوتێک ڕۆژانە دەخاتەوە بازاڕ و ڕەنگە هاوسەنگی بازاڕی نەوت تێکبدات.
 
ز.ر