هەرێمی كوردستان: بەرهەمی ترێ %60 كەمیكردووە

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ لەماوەی شەش ساڵی رابردودا بەرهەمی ترێ لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی %60 كەمیكردوە.

بەپێی وتەی جوتیاران هۆكاری كەمبونەوەی بەرهەمی ترێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەت بودجەیەكی كەمی بۆ ئەو بوارە داناوەو زۆر بە كەمی هاوكاریی جوتیارانی كردووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ترێی خۆماڵی لەماوەی 6 ساڵی رابردوودا لە 16 هەزار و 293 تۆنەوە بۆ6 هەزار و 486 تۆن دابەزیوە، واتە بەڕێژەی 60% كەم بووەتەوە. هەر بەپێی ئامارەكە، پارێزگای دهۆك زۆرترین بەرهەمی ترێی هەبووە و باشترین بازاڕیشی لە پارێزگای هەولێر بووە.