“رێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل زیادیکردووە”

بەڕێوەبەرى گومرکى ئیبراهیم خەلیل، فرسەت عەلى رایگەیاند “دواى دوو مانگی دیکە بە رێککەوتنى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و عێراق پردێکی گەورە لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دروست دەکرێت. لە ئێستاشدا کارەکانى گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی”.

بەڕێوەبەرى گومرکى ئیبراهیم خەلیل، فرسەت عەلى رایگەیاند: “پێچەوانەى هەموو ئەو دەنگۆیانەى گوایە تورکیا دەروازە سنوورییەکان بە رووى هەرێمى کوردستان دادەخات، بەڵکو بە کردەیی تورکیا و هەرێمى کوردستان لە هەوڵى بەرزکردنەوەى رێژەى ئاڵوگۆڕی بازرگانى نێوانیان، ماوەیەکیشە تێبینیمان کردووە کە رێژەى ئاڵوگۆڕى بارزگانى پێنج بۆ دە لەسەدا بەرز بووەتەوە”.

وتیشى: “هەر بۆ زیاتر پەرەپێدانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئێستادا رێککەوتن لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و عێراق کراوە بۆ ئەوەى پردێکی گەورە لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دروست بکرێت، پردەکە دەکەوێتە نێوان ئەو دوو پردەى ئێسا کە لە کاردان و کارەکانى گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی، بڕیار وایە لە دوو مانگى داهاتوودا بکرێتەوە. ئەوەى لە ئێستادا ماوە تەواو بکرێت لە هەردوو جەمسەرى پردەکە رێگاکە ببەسترێتەوە بە پردەکە و داوتر کارەکانى دەست پێدەکات، ئەمەیش لە رووى بازرگانى و هامۆشۆى گەشتیاران گرنگى تایبەت و کارئاسانییەکى زۆریشە. لە هەمان کاتیشدا کردنەوەى ئەو پردە گەورەیە پەیامێکى گرنگیشە لە رووى ئابوورى کە سەلمێنەرى بەهێزى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمە”.

ئابووریناسان پێیانوایە کە تورکیا یەکێک بووە لە دراوسێیە باشەکانى هەرێمى کوردستان و لەو بوارەدا هاوکارى هەرێمى کوردستانى کردووە بۆ نموونە پێدانى قەزر بە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەردەوامبوونى کۆمپانیاکان لە کارەکانى خۆیان لە کاتێکدا کە چەندین کۆمپانیاى ئەورووپی و ئەمریکى بە هۆى بوونى شەڕى داعشەوە هەرێمى کوردستانیان جێهێشتبوو. تورکیا لە چەندین رێگەوە ئاڵوگۆڕى ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان دەکات، بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافییەوە هەرێم و تورکیا بوونەتە پردى نێوان وڵاتانى رۆژئاوا و وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. هەوڵەکان لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بەردەوامن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەردوولا.