نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە 6 مانگی رابردودا دابەزی

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەردەوامە لە دابەزین، بەشێوەیەك كەمترین ئاستی لە شەش مانگی رابردودا تۆمار كرد و هەر بەرمیلێك نەوت بە (52.26) دۆلار فرۆشرا، ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردودا دابەزیوە و نرخی بەرمیلێك نەوت بڕی (8.5) دۆلار كەمیكردوە.

فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو (برنت) لە (53) دۆلارەوە دەستیپێكرد، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ناجێگری لە پشكی بازاڕەكانی چیندا دابەزینی نرخی نەوتیش بەردەوام بو بۆ (52.26) دۆلار كە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئەمڕۆ ئەمە نزمترین نرخی نەوتە تۆمار كرابێت.

بەبڕوای پسپۆڕانی ئەو بوارە، ناجێگری نرخی پشكەكان لە بازاڕەكانی چین كە كڕیارێكی بەهێزی نەوتە بوەتە هۆی دابەزینی نرخەكە و پێیانوایە بڕیارەكانی كۆمیتەی بازاڕی كراوەی سەر بە بانكی ناوەندی ئەمریكاش كە بڕیارە سبەینێ ئاشكرا بكرێن كاریگەریی لەسەر ئەم پرسە دەبێت.

هاوكات شارەزا و چاودێرانی كەرتی نەوت لەو بڕوایەدان ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بەو شێوەیەی ئیستا و لە خوار (52.5 دۆلار)ەوەبێت و بە جێگریش بمێنێتەوە و بەرز نەبێتەوا، ئەوا وردە وردە ئەو نرخە زیاتر و بۆ (51.7 تا 48.3) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دادەبەزێت.

هاوكات نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خامی رۆژئاوای تەكساسیش (46.69) دۆلارە كە ئەویش نزمترین نرخی ئەو نەوتەیە كە لە (23)ی ئادارەوە تا ئەمڕۆ تۆمار كرابێت