عێراق رێژه‌ی (30%)ی به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی بەهۆی لافاوەوە له‌ ده‌ستداوه‌

وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر گه‌نمی جوتیارانی باشوری عێراق كه‌وتوه‌ به‌هۆی لافاوه‌وه‌ به‌ (200) ملیۆن دۆلار خه‌مڵاند.
خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: عێراق رێژه‌ی (25-30%)ی به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی له‌ ده‌ستداوه‌ به‌هۆی لافاوه‌كانی ئه‌م دواییه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كانی باشوری عێراقی گرتوه‌ته‌وه‌ و قه‌باره‌ی زیانه‌كه‌ش به‌ (200) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ به‌رهه‌می ناوخۆیی عێراق به‌شی پێویستییه‌كانی ناكات و به‌و هۆیه‌وه‌ عێراق یه‌كه‌م هاورده‌كاری گه‌نمه‌ له‌ جیهاندا و به‌شی زۆریشی بۆ دابه‌شكردنیه‌تی له‌ رێی كۆبۆنی خۆراكه‌وه‌ و رێژه‌ی به‌كاربردنی گه‌نم له‌ عێراقدا ساڵانه‌ ده‌گاته‌ (4.5) ملیۆن ته‌ن.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ شه‌پۆلێكی باران و لافاو ناوچه‌كانی باشوری عێراقی گرتوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای  فه‌وتاندنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی جوتیاران، ئاواره‌بونی سه‌دان خێزان و روخانی ژماره‌یه‌كی زۆر خانوی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ و تائێستاش چوار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و مه‌ترسی هه‌ره‌سهێنانی چه‌ند به‌نداوێكیش ده‌كرێت له‌ پارێزگاكانی میسان و زیقار و به‌و هۆیه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی ئه‌و دو پارێزگایه‌ له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی چۆڵكراون.