یۆنان نەخێری هەڵبژارد یان بەڵێ

 
 
ئەمڕۆ لە گشتپرسیەكدا هاوڵاتیانی یۆنان، مەرجەكانی وڵاتانی قەرزەدەری نێو یەكێتی ئەوروپایان رەتكردەوە بەوەی داوای لە یۆنان كردبوو بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و مووچە بە رێژەیەكی بەرچاو كەمبكاتەوە.
لە ئێستادا یۆنان (315) ملیار دۆلار قەرزارە، دەبوا لە (1ی تەمموز)ی ئەمساڵیش یەكەمین بڕی قەرزەكانی بدایەتەوە، بەڵام نەیتوانی لەو بەروارەدا پابەندی دانەوەی قەرزەكان ببێت، بەڵكو پێویستی بە وەرگرتنی قەرزی زیاترە تا ئیفلاس نەكات، لە ئێستاشدا وتووێژ لە نێوان نوێنەرانی بانكی دراوی نێودەوڵەتی و بانكەكانی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی قەرزدەر لە لایەك و یۆنانیش لە لایەك دەستی پێكردووە.
لە هەڵبژاردنەكانی چەند مانگی رابردووی ئەو وڵاتە، پارتی چەپی یۆنانی بە سەرۆكایەتی ئەلێكسیس سیپراس بەڵێنی ئەوەی بە هاوڵاتیان دابوو ئەگەر بگات بە دەسەڵات ئەوا یۆنان لە ژێر مەرجەكانی وڵات و لایەنە قەرزدەرەكان دەدەهێنێت.
بۆ پێدانی قەرز لایەن و وڵاتانی قەرزدەر داوا لە یۆنان دەكەن كە بودجەی خزمەتگوزاری گشتی وەكو كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی و خانەنشینان كەمتر بكاتەوە، ئەو داوایەش لە لایەن حكومەتەكەی سیپراس رەتكراوەتەوە.
ئەمڕۆش لە ریفراندۆمێكدا نزیكی (60%)ی خەڵكی ئەو وڵاتە پشتی ئەلێكسیس سیپراسیان گرت و بە نەخێر بۆ مەرجی قەرزدەرەكان دەنگیاندا، سیپراس ئەوەشی روونكردبووەوە كە رەنگە دەنگدان بە نەخێر ببێتە هۆی دەرچوونی یۆنان لە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام داواشی كردبوو دەنگ بە نەخێر بدەن.
لە هەنگاوێكی دیكەدا حكومەتی هەستاوە بە داخستنی تەواوی بانكەكانی وڵات بۆ ماوەی (7) تا هاوڵاتیان نەتوانن پارەكانیان لە بانكەكان بكێشنەوە، هەفتەی پێش ئەو بڕیارە بە لێشاو پارە لە بانكەكان رادەكێشرایەوە، ئەویش لە ترسی ئیفلاسكردنی ئابوری وڵات.
لە پاش قەیرانی ئابوری لە ساڵی (2009)ـەوە، یۆنان كەم كەم ئتبورییەكەی رووی لە دارمان كردو دووساڵ پێش ئێستا بە پێی رێكەوتنێك وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بڕی نزیكی (150) ملیار دۆلار قەرزیان پێدا.
 
ز.ر