عێراق رۆژانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت

لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، بەهۆی بەهەدەردانی غازی كێڵگە نەوتییەكانەوە رۆژانە عێراق بڕی 10 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت.

كاوە محەممەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكیدا راگەیاند “یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی بواری نەوت و غاز لە عێراق ئەوەیە، كە تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق هیچ پلانێكی نەبووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمی غازی كێڵگە نەوتییەكاندا بكات، لەكاتێكدا خاوەن یەدەگێكی زۆری ئەو بەرهەمە سروشتییەیە، بەڵام نەبوونی پلان وایكردووە بەردەوام ئەو غازەی پێویست بوو وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و سوودی لێوەربگیرێت بەخۆڕایی دەسووتێندرێت”.

كاوە محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد “بە پێی هەندێك داتاو زانیاریی ورد كە لەم بوارە ئەنجامدراوەو لیژنەی نەوت و غازیش بەدواداچوونی بۆ كردووە، بەهۆی هەدەردانی ئەم بەرهەمە، رۆژانە بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار عێراق زیانی بەردەكەوێت”.