ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق کەمیکردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری ھەناردەکردنی نەوتی لە مانگی حوزەیرانی رابردووە بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٢١ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوە کراوە.

ھەر بە پێی ئامارەکە کە تێکرای ھەناردەکردنی نەوت لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا گەیشتووەتە، ١٠٥ ملیۆن و ٦٤٠ ھەزارو ١٦٠ بەرمیل.

لە مانگی ئایاری رابردوودا، عێراق ١٠٨ ملیۆن و ١٩٤ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردبوو.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٢١ ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست ھەناردە کراون.

بە پێی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، ھیچ بڕە نەوتێک لە کێڵگەکانی کەرکووک ھەناردە نەکراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە کە کۆی داھاتە بەدەستھاتووەکانیش لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٣٢٣ملیۆن و ١٥٠ ھەزار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە کە لە مانگی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت بە ٦٩ دۆلار و ٣٢٢ سەنت فرۆشراوە.