ئیفاد‌و ژن

ئەمیش؛ وەك ئەوانیتر، ئەڵێت: ئاگادار نەبووم، تا ئەو رۆژەی وەك بەڕێوەبەری گشتی؛ فەرمانی دەستبەكاربوونم؛ بۆ دەرچوو، لەژیانمدا، نەمویستووە؛ پۆستی باڵای حكومی وەربگرم، چەندین جار؛ تەكلیفی برادەرانم شكاندوە‌و هەر وازیان نەهێنا، تا؛ تووشیان كردم، من هاتمە؛ سەر وێرانەیەك، سەرباری دنیایەك رێگریی‌و؛ قەیرانی دارایی‌و نەبوونی پارە، توانیومە: پڕۆژەی زۆر گەورەو باش ئەنجام بدەم، گۆڕانكاری بەرچاوم؛ هێناوەتە ئاراوە، وا دوو ساڵە؛ لەو پۆستەدام، زۆر ماندووم‌و؛ تاكو ئێستاش سێ جار بەنووسراوی فەرمی؛ داوام كردووە؛ بمبەخشن‌و؛ یەكێكیتر لەجێگای من، دابنێن، بەردەوام پێم ئەڵێن: لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆدا، كەسی لەتۆ شیاوترمان، بۆ ئەو جێگایە؛ دەست ناكەوێت؛ ئەگەر واز بهێنیت، كاروبارەكان؛ پەكیان ئەكەوێت‌و؛ ئیفیلج ئەبن.

ئەم بەڕێوەبەرە گشتییە یەك رۆژ غائیب نەبووە، بەڵام لەهەر ساڵێكدا: بەناوی نەخۆشی‌و ئیشی تایبەتەوە (16) رۆژ؛ مۆڵەتی وەرگرتووە. لەسەر ئەركی حكومەت: لانی كەم جارێك، سەری لەوڵاتێكی ئیقلیمی داوە‌و هەفتەیەك ماوەتەوە. شەش جاریش، بەفڕۆكە، سەفەری بۆ ئەو ووڵاتانە كردووە؛ كە لەسەر تۆپەكەی نەخشەی جیهان، بستێك لەهەرێمەوە؛ دوورن. لەهەر ئیفادێكدا (15) رۆژ تاڵاوی غەریبی چەشتووەو؛ لەخاكی پیرۆزی كوردستان، دوور كەوتۆتەوە. ئاشكرایە لە رۆژژمێری حكومەتی هەرێمدا (135)یش رۆژی هەر ساڵێك، پشووی فەرمییە. خۆ ئەگەر ئەم ماندوونەناسە، پشوویەك نەدات‌و؛ دووساڵیتریش ئاوەها بڕەتێنرێت‌و خزمەت بكات، ئاخۆ لەچوارساڵدا، چەند رۆژ؛ سەر بەژوورەكەی خۆیدا ئەكات؟!… ژمێریارێكی بەئەزموون، بەحاسیبەو دوای نیو سەعات چك چكی (كۆ، كەم، كەڕەت، دابەش)‌و دەرهێنانی رێژەی سەدی، بەدڵنیاییەوە ئەڵێت: لە (68%) رۆژەكانی ساڵ، سەر بەژوورەكەی خۆیدا؛ ناكات‌و لەسەركورسیەكەی؛ پاڵ ناداتەوە.

جگە لەو هەموو ئەركەش، یەكسانی ژن‌و پیاوی؛ لەئیفادەكانیدا، پراكتیزەكردووەو؛ ئەو قسەیەی بەدرۆ خستۆتەوە كە ئەڵێت: لەپۆستە باڵاكانی حكومەتی هەرێمدا، ئەو كەسانە دەگمەنن كە؛ بەكردەوە، مافی ژن؛ جێبەجێ ئەكەن؛ ئەو پێیوایە: هەر مرۆڤێَك، دڵسۆزی هاوسەری خۆی؛ نەبێت، هەرگیز؛ ناتوانێت، دڵسۆزی هاوڵاتیان بێت. بۆیە لەزۆربەی ئیفادەكاندا؛ ژنەكەی؛ لەگەڵ خۆیدا؛ دەبات‌و ئەڵێت: كۆنفرانسی ژنان، بەبێ توێژینەوە ئەكادیمییەكانی؛ دایكی منداڵەكانم، سەركەوتوو نابن‌و شكست ئەهێنن‌و، تا ئێستا هیچ خانمێك؛ بەهێندەی ژنەكەی من؛ خزمەتی بەكەیسی ژنان نەكردووە. بۆیە شارەزایان پێشبینی ئەكەن؛ لەنزیكترین ئیفادی فەرمیدا؛ بۆ فیستڤاڵی كەلەپوری كوردی، ئەمجارەیان، خەسووی جەنابی بەڕێوەبەر، لەناو فڕۆكەدا، ئایەتەل كورسی بخوێنێ‌و؛ توند؛ خۆی ببەستێتەوە.