لەڕوی ژینگەییەوە، سلێمانی لەپێش هەموو شارەكانی عێراقەوەیە

ئا/ زریان محەمەد
 
 
زۆربونی ئۆتۆمبێل و ژمارەی كارگەكان بە هۆكاری سەرەكی پیسبونی ژینگەدادەندرێت و تائێستاش نەتواندراوە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل سنورداربكرێت و بەردەوام كارگەی نوێ‌ دەكرێتەوە و بەشێكیان بەپێی كوالێتی ژینگەن و بەشێكیان ڕێنمای ژینگەیان نیە كە ئەمەش كاریگەری زۆری كردۆتە سەر ڕەوشی ژینگە، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە ئێستادا شاری سلێمانی لەپێش هەموو شارەكانی تردان عێراقدایە لە پێشكەوتنی ژینگەدا.
 
محەمەد سەعید نوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سایتی ژووری بازرگانی دەربارەی ژینگەی سلێمانی لە ئێستادا ڕایگەیاند” ئەگەر ئێمە بەگشتی بمانەوێت بەراوردی ژینگەی شاری سلێمانی بكەین لەگەڵ ژینگەی ئەو شارانەی كەلە دەوڵەتە گەورەكاندان كەگوایە لە بواری ئابوری و پیشەسازیدا پێشكەوتون،  شاری سلێمانی لەچاو ئەواندا زۆرشارێكی پاكە ئەگەر ئەو بەراوردەبكەین بۆنمونە شاری تاران كە پایتەخی وڵاتێكە كە چەنەها ساڵە هەیە بەڵام ژینگەیەكی زۆر پیسی هەیە بەڵام ئەمە ئەوەناگەیەنێت كە ئێمە لەشاری سلێمانی كێشەی ژینگەیمان نیە بەڵێ‌ كێشەی ژینگەیمان هەیە”.
 
سەبارەت بە كێشەكان ڕونیكردەوە” یەكێك لەو كێشە گەورانەی هەمانە زیادبونی ئۆتۆمبێلە ئەم زیادبونە بەبێ‌ هیچ ئەساسێك بەبێ‌ هیچ بنەمایەكی زانستی ڕۆژ بەڕۆژ زیاددەكات وە دەبێتە هۆی دەركردنی چەنەها گازی ژەهراوی كە كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان ئەمە یەكێكە لەو كێشە گەورانە، وەكێشەی خۆڵو خاشاكمان هەیەكەتا ئێستا لەكوردستاندا و بەتایبەتی لە سلێمانی بەهەموو قەزاو ناحیەكانەوە بەشێوە تەقلیدیەكە ئەسوتێندرێت كەئەم خۆڵ و خاشاكە مەترسی هەیە بۆ سەر پیسبونی ژینگە لە ئاو هەوا و خاك بەڵام خۆشبەختانە ئێستا پرۆژەی ڕیسایكلینی شاری سلێمانی كەوتۆتە جێبەجێكردن وە لەماوە دوو ساڵدا تەواودەبێت و لەوماوەیەدا لەوكێشەیە ڕزگارمان دەبێت”.
 
سەبارەت بە ڕوبەری سەوزای ئاماژەی بەوەدا ” تا ڕوبەری سەوزای شاری سلێمانی زیادبكەین كەمە لەبەر ئەوەی كە دەتواندرێت لەڕێگەی سەوزاییەوە كەگەورەترین چارەسەرە بۆهەڵمژینی ئەو غازە ژەهراویانەی كەهەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشە تائێستا ڕێژەی سەوزای 10% كە بەستاندەردی جیهانی دەبێت 15% بێت وە بەڕای من بۆشارێكی وەك سلێمانی كە مەجالی فراوانبونی كەمە و ژمارەی دانیشتوانی زیاددەبێت پێداویستی مرۆڤ زیاددەبێت بەراستی ئەگەر بگاتە 30% ئینجا ئەتوانین بڵێین ڕێژەیەكی باشە”.
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی وتیشی” ئێمە ئێستا لەكاتێكداین كە قۆناغی گەشەپێدانە وەك یاسای ژینگە گەشەپێدانی پیشەسازی هەبێت بەمەرجێك هاوسەنگی ژینگەی بپارێزین، ئێمە ئەو پرۆژانەی بە فلتەری ژینگەدا بەپێی ڕێنماییەژینگەیەكان ڕەزامەندیان ئەدەینێ‌ بەڵام لەوانەیە پرۆژە هەبێت بەفلتەری ئێمەدا نەڕوات وەئەمەش بۆچەند ساڵێكی دیكە خەمەكانمان زیاتر دەبێت چونكە پێویستدەكات ئەو كارگانە هاوسەنگی ژینگەی بپارێزن بۆیە ئەو پرۆژانە گەر بە ڕێنمایەكانی ئێمەدا بڕۆن بەپێی ڕێنماییەژینگەییەكان ڕەزامەندی دەدەین كەپێویستە ئەوانیش تەكنەلۆژیای نوێ‌ بەكار بهێنن كە كاریگەری پیسبونی ژینگە كەمبێت و ڕوبەری سەوزاییان هەبێت”.
 

سەبارەت بە ژینگەی سلێمانی لەگەڵ شارەكانی دیكە محەمەد سەعید ڕایگەیاند” ئەگەر بەراوردی سلێمانی بكەین بە هەموو شارەكانی تری عێراق سلێمانی پاكترین شارە بەڵام ئەمە ئەوەناگەیەنێت ئێمە كێشەی ژینگەیمان نیە ئەبێت ئێمە هەمیشە بەبەردەوامی ئاگامان لەپاراستنی هاوسەنگی ژینگەیبێت بەپێی ئەو یاساو ڕێسایانەی كە لە یاسای ژینگەی هەشتی ساڵی 2008 پەرلەمانی كوردستان هەیە”.

سەبارەت بە پابەندبونی هاووڵاتیان بەپاراستنی ژینگەوە جەختیكردەوە” زۆر دڵخۆشم بەوەی كە ئێستا هاووڵاتیان و چەندەها ڕێكخراوی ژینگەی كەدروستبون مانای ئەوەیە كە هاووڵاتیان هۆشیاری ژینگەیان پەیداكردووە كە ژینگە چەندێك گرنگە كە بیپارێزین وە ئێمەش وەك فەرمانگەكەمان لە باخچەی ساوایان و خوێندنگەكانەوە دەستمانپێكردووە تائێستا لە 700 خوێندنگە مامۆستاكان بانگكراون كە خولیان بۆكراوەتەوە بۆدروستكردنی یانەی ژینگەی لە قوتابخانەكانیاندا”
 
سەبارەت بەو كارگانەی كەهەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد “بەشێك لەو كارگانە پابەندن بە ڕێنمای ژینگە وە هەیانە پابەند نەبووە بە پاراستنی ژینگە وە لەڕێگەی لیژنەی قایمقامێت و لیژنەكانی خۆمانەوە بەردەوام چاودێری ئەو كارگانە دەكەین وە بەپێی یاسا سزا یاخود كاتیان بۆدیاری دەكرێت ئەو كێشانەی هەیانە چارەسەری بكات.
 
لەبارەی ئەو پاڵاوگە نەوتیانەی كە هەیە وتی” هەموو ئەو پاڵاوگانە خەتەرترین و پیسترین كاریگەریان هەیە لەسەر ژینگە وەهیچیان بەپێی ڕێنمای ژینگەی نیە وەسەرو خۆمان ئاگاداركردۆتەوە كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت”
 
ئاماژەی بەوەشدا” ئێمە چەند ئامێرێكمان داواكردووە ئێستا یەكێك لەو ئامێرانە كڕدراوە و لەماوەیەكی زودا لەناوچەی بازیان دایدەنێین بۆچاودێری كوالێتی هەوا كە چەند غازێك ئەخوێنێتەوە بۆئەوەی هەمیشە ئاگامان لێی بێت لەو ناوچەیەدا لەڕێگەی كوالێتیەوە بزاندرێت تاچەند هەوای ئەو ناوچەیە پاكە ئەگەر گونجاو نەبوو ئەوا لێپرسینەوە دەكەین وە چەند ئامێرێكی دیكەمان داواكردووە ئەگەر بۆمان بكڕدرێت ئەوا دەتوانین لە ناوچەی تانجەرۆ و ناوشاری سلێمانیدا دایبنێین بۆ ئەوەی هەمیشە چاودێری كوالێتی هەوابكەین”
 
لەبارەی قەیرانی دارایی و كاریگەریی لەسەر كارەكانی ئەوان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی وتی” لەمساڵدا قەیرانی دارای كاریگەری زۆری لەسەریان هەبووە و بەتەواوەتی كارەكانی ئەو فەرمانگەیە ڕاگیراوە كەهەموو چالاكیەكانیان كەمبۆتەوە.
 
لەشاری سلێمانیدا ڕێژەی سەوزای 10% یەو  قەیرانی دارایش كاریگەری خراپی كردۆتە سەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزای.
 
هاوژین عوسمان لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لە لێدوانێكدا سایتی ژوور ڕایگەیاند “ژمارەی ئەو باخچانەی ئەمساڵ دروستكراوە 23 باخچەیە كە بەهۆی قەیرانی دارایەوە نەمانتوانیەوە كاری زیاتر بكەین.
 
 وتیشی” كۆی باخچەكانی سلێمانی 480 باخچەیە تائێستا 60 هەزار دارمان ڕواندووە بەردەوامیشین 7 ناوەندی شەقامەكانمان سەوزكردووە زیاتر لە 6 هەزار دارمان وەك دیاری داوە بە هاوڵاتیان بۆ سەوزكردن”.
 
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزای ئاماژەی بەوەدا “ڕێژەی سەوزای تا ئێستا 10%یە بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزای ئێمە چاوەڕوانی بودجە دەكەین چونكە 80% پرۆژەكانمان وەستاوە بەهۆی نەبونی بودجەوە.
 
وتیشی” ئێمە ساڵانی 2011 و 2012 زیاتر لە 150 هەزار دارو ڕواندووە و 70 باخچەمان دروستدەكرد بەڵام ئێستا نیواو نیوە بۆیە ئێمە چاوەڕوانی بودجەین لە ساڵی تازەدا، ئێمە هەموو شتێكمان ئامادەیە ئەگەر بودجە هەبێت ئێمە باشتر كارەكانمان پێشدەكەوێت ساڵانە زیاتر لە 70 باخچە دروستدەكەین.
 
هاوژین عوسمان ئەوەشی ڕاگەیاند لەئێستادا زیاتر لە 620 داواكاری هاووڵاتیانمان لایە بۆ دروستكردنی باخچە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەكان ڕاوەستاوە.
 

لەئێستادا لەهەمو جیهاندا گرنگییەكی زۆردەدرێت بە پاراستنی ژینگە بۆئەوەی مرۆڤایەتی درێژەی هەبێت.