عێراق له‌بڕی یەدەگی زێڕدا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی پێنجەمدایە

ئەنجومەنی جیهانی زێڕ ئەمڕۆ ڕایگەیاند بڕی یەدەگی زێڕ لە جیهاندا لەم مانگەدا زیادبوونی بەخۆیەوە دیوە و عێراقیش پارێزگاری لە خۆی کردووە و لە پلەی ٣٧ی جیهاندا ماوەتەوە لە ڕووی بوونی یەدەگی زێڕەوە.

 ئەنجومەنەکە لە سەرژمێرییەکەدا کە لەسەر ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات بڕی یەدەگی جیهانی لە کانزای زێڕ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە و لە چاو مانگی کانوونی یەکەمدا ١٢٢ تۆن زیادیکردووە و بڕەکەی گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٦٠٤ تۆن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەتا ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلەی یەکەمی گرتووە لە ڕووی بوونی یەدەگی زێڕەوە کە خاوەنی ٨ هەزار و ١٣٣ تۆن و ٥٠٠ کیلۆیە و لە دوای ئەویش ئەڵمانیا کە خاوەنی ٣ هەزار و ٣٧٣ تۆنە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی جیهانی زێڕ، عێراق پارێزگاری کردووە لە پێگەی خۆی و لەسەر ئاستی جیهان پلەی ٣٧ هەیە لە نێوان ١٠٠ دەوڵەتی جیهان لەڕووی بوونی یەدەگی زێڕەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی پێنجەمدایە، دوای هەریەکە لە سعودیە و لوبنان و جەزائیر و لیبیا.

ڕوونیکردووەتەوە عێراق خاوەنی ٨٩ تۆن و ٨٠٠ کیلۆ زێرە و دواکاتیش کە عێراق زێڕی تیا کڕیوە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤دا بووە کە بڕی ١٥ تۆن و ١٦٠ کیلۆی کڕیوە.

ئەوە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندی عێراق لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا بڕیاریدا بە دروستکردنی قاڵبی زێڕ بە قورسایی ٥٠ گرام تا هەزار گرام بۆ ئەو سەرمایەدار و وەبەرهێنانەی کە مامەڵە بە کانزای زێڕەوە دەکەن.