سەربرینى ئاژەڵ لەدەرەوەى کوشتارگەکان قەدەغەیە

 
لەپێناو پاراستنى تەندروستى و بەرژەوەندى هاوڵاتیان، سەربرینى ئاژەڵ لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەدەکرێت و سەرپێچیکار رووبەرووى سزاى یاسایى دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە رێکەوتى 24/2/2015 ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەگەڵ بەرێوەبەرایەتى تەندروستى ڤێترنەرى و چالاکیە مەدەنییەکان و لیواى یەکى سلێمانى کۆبویەوە.
 لەکۆبوونەوەکەدا  قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزى بەهار، دیاردەى سەربرینى ئاژەڵ لە  شەقام و شوێنە گشتییەکان سەر هەڵ ئەدات، ئەمە دیاردەیەکى ناتەندروستە،  بۆ رێگریکردنى ئەم دیاردەیەش داواى لە پۆلیسى فریاکەوتنى خێرا کرد بە هەماهەنگى چالاکییە مەدەنییەکان و  لیژنە هاوبەشەکان بەردەوام چاودێرى شەقام و شوێنە گشتییەکان بکەن، هەر کەسێکیش پێچەوانەى رێنماییە تەندروستى و ڤێترنەریەوە ئاژەڵ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان سەرببرێت دەست بەسەر گۆشتەکەیدا دەگیرێت و لەناودەبرێت پاشانیش خاوەنەکەشى مامەڵەى یاسایى لەگەڵدا دەکرێت.
 هەروەها ئاوات اسماعیل جێگرى بەرێوەبەرى ڤێترنەرى سلێمانى رایگەیاند: بە پێى رێنماییەکانى بەرێوەبەرایەتى ڤێترنەرى، ئاژەڵ پێش سەربڕین و پاش سەربرین پشکنینى بۆ دەکرێت و پاشان مۆر دەکرێت. بۆیە هەر ئاژەڵێک  لە دەرەوەى کوشتارگەکاندا بەبێ پشکنین سەرببردرێت ناتەندروستەو شیاوى خواردن و بەکارهێنان نییە.