بانکی ناوەندی عێراق بەنیازە فرۆشتنی دۆلار رابگرێت

 

بانکی ناوەندی عێراق بەنیازە زیادکردنی ئاشکرای تایبەت بەفرۆشتنی دۆلار رابگرێت و چیتر کاری حەواڵەکردنی دەرەکی لەئەستۆ نەگرێت.

“عەلی عەڵاق” پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە رۆژی یەکشەممەوە چیتر بانکی ناوەندی زیادکردنی تایبەت بەفرۆشتنی دۆلار ناکات، پرسی حەواڵەکردنی دەرەکی دەخرێتە ئەستۆی بانکەکان و لەئێستاشدا شێوازی نوێ ئامادەکراوە بۆ فرۆشتنی دۆلارو ناکرێت بانکی ناوەندی کە چەندین پرسی ئابووری گرنگ لە ئەستۆ دەگرێت، خۆی بەفرۆشتنی دۆلارو حەواڵەی دەرەکییەوە سەرقاڵ بکات، بێ ئەوەی ھیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکات. 

 

لە دوای ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە زیادکردنی ئاشکرای سازدەکرد بۆ فرۆشتنی دۆلار بەمەبەستی دابینکردنی پارەی پێویست بۆ بازرگانی دەرەکی، بەڵام بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥ عێراق، بانکی ناوەندی پابەند کراوە بەفرۆشتنی تەنھا ٧٥ ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا کە پێشتر بەکراوەیی دۆلاری دەفرۆشت، ئەمەش بووە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی.

 

پێشبینی دەکرێت ئەم ھەنگاوەی بانکی ناوەندی ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلارو داشکانی بەھای دینار، گەربێت و بانکی ناوەندی ھەنگاوی دیکە نەنێت بۆ فرۆشتنی دۆلار.