عێراق و روسیا پەیوەندییە ئابورییەكانیان فراوانتر دەكەن

 
 
باڵیوزی عێراق لە روسیا رایگەیاند، كە پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان عێراق و روسیا فراونتر دەبێت و بەمنزیكانەیش هێڵێكی نوێی گەشتی ئاسمانی لە نێوان مۆسكۆ-بەغداد-بەسرەدا دەكرێتەوە.

ئیسماعیل عەلی موحسن لە پەراوێزی كۆبونەوەی كار لە بارەگای ئاژانسی گەشتوگوزاری ئیتیحادی ئاماژەی بەوەكرد، كە پێویستییەكی زۆر هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری عێراق و روسیا لە بواری گەشتوگوزاردا، وەكچون پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارەكانی سیاسی، سەربازی و رۆشنبیریدا گەشەكردنی زۆری بەخۆوەبینیوە.

وتیشی:”كۆمپانیای فرۆكەوانی عێراقی پلانی هەیە، كە لەماوەی داهاتودا هێڵێكی نوێ‌ بۆ هاتوچۆی ئاسمانی لەنێوان هەر سێ‌ شاری مۆسكۆ-بەغدا، مۆسكۆ-بەسرەدا بكاتەوە”.

عێراق و روسیا چەند پەیوەندییەكی سیاسی و ئابوری بەهێز پێكەوەیان دەبەستێتەوە و چەند كۆمپانیایەكی گەورەی روسیا لە عێراقدا وەبەرهێنان دەكەن، لەنێویاندا كۆمپانیای گازپرۆم، كە یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت لە جیهاندا.