لەرووى سەلامەتى باڵەخانەکانەوە هەنگاوى گرنگ نراوە

قائیمقامى سلێمانى رایدەگەیەنێت پاش هەوڵێکى زۆر لەرووى بونى مەرج و رێنماییەکانى سەلامەتیەوە لە بیناو باڵەخانەکانى سلێمانیدا هەنگاوى گرنگ نراوە و دەتوانرێت بووترێت کە ئێستا بەشێکى زۆرى بینا و باڵەخانەکان پابەندن بە جێبەجێکردنى مەرج و رێنماییەکانەوە و ئەوەش بۆ هەوڵ و کارەکانى لیژنەى سەلامەتى سەربە لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەت دەگەڕێنێتەوە کە توانیویانە لەماوەى رابردوودا ڕۆلێکى گرنگ و بەرچاو ببینن لە پابەند کردنى خاوەنى شوێنەکان بە جێبەجێ کردنى مەرجەکانەوە ،
 
لەڕاگەیەندراوێکى قایمقامێتى سلێمانیدا ئاماژە بەوەکراوە ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى جێبەجێ کردنى مەرجەکانى سەلامەتى هەردوو بازاڕى دۆلارەکە و جگەرەى لە شارى سلێمانى بەسەر کردەوە و رایگەیاند خۆشبەختانە ئێستا بەشێکى زۆرى بیناو باڵەخانەکانى سلێمانى لەرووى لایەنى سەلامەتیەوە لە ئاستێکى باشدایەو ئەو مەترسیانەى کە پێشتر هەبوون بەشێوەیەکى بەرچاو کەمبوونەتەوە ، 
دەربارەى بازاڕى دۆلارەکەش قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند پێشتر هیچ مەرجێکى سەلامەتى لە بازاڕەکەدا نەبووە ئەمە لە کاتێکدا کە بەشێکى زۆرى دارایى سلێمانى لەو شوێنەدا کۆبووتەوە، بەڵام پاش ئەوەى لیژنەى سەلامەتى باڵەخانەکان بەداواچونى بۆ گرفتەکان کردووە ئێستا زۆربەى مەرجەکانى سەلامەتى لە بازاڕەکەدا هەیە و مەترسی گڕگرتن و هەر رووداوێکى نەخوازراو تا ئاستێکى بەرچاو نەماوە ، لە بارەى بازاڕى جگەرەکەى شارى سلێمانیەوە داواى کرد کە پەلە بکرێت لە جێبەجێ کردنى مەرج و رێنماییەکاندا،  
لە بەرامبەر بەدواداچون و کارەکانیانى لیژنەکەش ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى دەستخۆشى لە ئەندامى لیژنەکە و بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەبا و  بەرگرى شارستانى سلێمانى کرد و داواى لێکردن لە پێناو پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و کرێکاراندا هەموو بیناو باڵەخانەکان بەسەربکەنەوەو بەهەمان دڵسۆزى و پەرۆشیانەوە بەردەوام بن لەسەر جێبەجێ کردنى ئەرکەکانیاندا.