هاوڵاتیان پارەکانیان لەبانک ده‌كێشنه‌وه‌و زێر دەکڕن

 
دوای سەرهەڵدانی داعش لەعێراق و نزیک بوونەوەی لە ھەرێمی کوردستان، بارودۆخی عێراق بە گشتیی و ھەرێم بە تایبەتی گۆڕانکاری زۆری ئابووریی بەسەردا هات، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە لایەن بەغداوە هێنده‌ی دیکە بارودۆخی ئابووری ھەرێمی ناسەقامگیر کرد.
 
لەگەل ھاتنی ئەم بارودۆخە نوێیە، نرخی دراوەکان و زێڕ گۆڕانکاری بەسەردا ھات و ھەندێک لە ھاووڵاتییان پەنایان بۆ زێڕ و ھەندێکی دیکەیان لە جیاتی پارەی عێراقی پەنایان بۆ دۆلار برد، ھەندێکیش پەنایان بۆ ھەڵگرتنی دینار برد.
 
بەو پێیەش دۆلار بەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەدا بووە و دیناری عێراقیش جگە لە عێراق لە وڵاتانی دیکەدا کاری پێناکرێت، ئەمە وای کرد لە بری دراو متمانە بە زێڕ زیاتر بێت.
 
بەڕێوەبەری لقی بانکی ناوەندی لە ھەولێر ئەدھەم کەریم وتى، ٦٠%ی ئەو کەسانەی پارەیان لە بانک دادەنا ئێستا پارەکانیان لە بانک دانانێن و ٥٠%ی هاووڵاتییانیش پارەکانیان لە بانک کشاندووەتەوە، “ھۆکارەکەشی متمانە نەبوون نییە بە بانکەکان بەڵکو ئەوەیە کە بەغدا مووچە و بودجەی ساڵی ڕابردووی نەناردووە”.
 
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “هاووڵاتییان کە پارەکانیان لە بانک دەکێشنەوە پێویستیان بە پارە هەیە چونکە مووچە دواکەوتووە و ھاووڵاتییان پارەی پاشەکەوت کراویان بەکاردێنن و لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش خەڵکانێک ھەن متمانەیان بە بانکەکانە و پارەکانیان دێننە بانک”.
 
لەنێوان دۆلار و زێڕدا ھاووڵاتییان لە ھەرێمی کوردستان متمانەیان بە ھەڵگرتنی زێڕ زیاتر بووە لە بەرامبەر متمانەیان بە دراوەکانی دۆلار و دینار.
 
ئابووریناسێک نەریت و نەبوونی متمانە بە بانکەکان بە ھۆکار دەزانێت و سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای زێڕەنگرانیش پێی وایە لەمساڵدا ھاوردە کردنی زێڕ بە ھۆی زیاد کردنی باجەوە کەم دەکات.
 
ئەو نەریتە کۆنە کە ھاووڵاتییان زێڕ پاشەکەوت دەکەن و تا ئێستاش بانکەکان لە ھەرێمی کوردستاندا نەبوونەتە جێی متمانەی خەڵک و دراوی عێراقیش لە عێراقدا نەبێت لە ھیچ وڵاتێک کاری پێناکرێت و دراوەکانی دیکەش کە دراوی قورسن بەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەدان، ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان ھەڵگرتنی زێڕیان پێ باشتر بێت لە ھەڵگرتنی پارە” ئەمە وتەی ھۆشمەند رەفیقی ئابووریناسە.
 
ناوبراو وتی :”کاتێک عێراقییەک دەچێتە وڵاتێک لەو وڵاتە کار بە دراوی عێراقی ناکرێت، مەرجیش نییە ئە وڵاتە کار بە دۆلاری ئەمریکی بکات، ھاووڵاتییەکەش دڵنیا نییە لەوەی کە لە گۆڕینەوەی پارەکەیدا زەرەر دەکات یاخود نا، لە ناوخۆشدا چونکە خەڵکی پارە لە بانک دانانێن و لە کۆنیشەوە وا باو بووە باش نییە ھەڵگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر لە ماڵەوە، ھەر بۆیە بەردەوام ھەڵگرتنی زێڕمان پێ باشتر بووە لە ھەڵگرتنی پارە”.
 
بەرزترین نرخی زێڕ لەساڵی ڕابردوودا لە مانگی ئازار و نیساندا بووە کە نرخەکەی گەیشتە ٢٤٠ ھەزار دینار، نزمترین نرخیش لە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم بوو کە دابەزی بۆ ١٩٣ ھەزار دینار.
 
نرخی دۆلاریش بەردەوام لە نێوان ١١٩ بۆ ١٢٤ ھەزار دیناردا بووە و بانکی ناوەندیی عێراقیش بە پڕۆگرامێک دۆلار دابەش ناکات، ڕۆژی ھەبووە چەند ملیۆن دۆلارێک و ڕۆژی واش ھەبووە ھیچی دابەش نەکردووە.