بازرگانانى سلێمانى دەتوانن بچنە بولگاریا

لەڕێگەى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیەوە هەوڵدەدرێت بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە بازرگانى و ئابوریەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەتایبەت بازرگانانى سلێمانى بۆ ووڵاتى بولگاریا.
لەسەردانێکیدا بۆ ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى سەرۆکى بەشى ئابورى و بازرگانى لە باڵوێزخانەى بولگاریا لە بەغداد لەگەڵ عوسمان فەتاح ئەندامى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى کۆبۆوە بەمەبەستى پتەوکردنى پەیوەندیە بازرگانیەکان لە نێوان هەردولادا.
عوسمان فەتاح ڕایگەیاند بازرگانانى شارى سلێمانى خۆشحاڵن بە دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان هەردوولادا بۆیە پێویستە ئێوە کارئاسانى بکەن تا بازرگانەکانمان بتوانن بێنە ووڵاتەکەتان و بازرگانى و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
ئاماژەى بەوەشدا لە ئێستادا هەرێمى کوردستان لەروبەڕوبونەوەو جەنگدایە لەجیاتى هەموو جیهان بەڵام بازرگانى و وەبەرهێنان هێشتا بەردەوامەو دەتوانین بەرەو پێشچونى زیاتر بکەین.
لاى خۆشیەوە دیمتری کۆرینۆڤ سەرۆکى بەشى ئابورى و بازرگانى لە باڵوێزخانەى بولگاریا لە بەغداد سوپاسى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیکرد بەوەى بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵیاندا بۆ بەرەو پێشچوونى ڕەوشى بازرگانى نێوان هەردوولا هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەى بتوانن بازرگانانى سلێمانى بچنە ووڵاتەکەیان و لەگەڵ بازرگانى بولگاریادا ئاشنابن.