پارێزگای سلێمانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

پارێزگاری سلێمانی بۆ یادی سلێمانی دەڵێت: بەداخەوە بۆ یادی ئەمساڵ بەهۆی ئەو شەڕە نارەوایەی یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی هیچ چالاكی و مەراسیمێك بۆ یادی سلێمانی ئەنجام بدەین.
ئاماژە بەوەشدەكات، سلێمانی لەگەشەكردنێكی خێرادایەو هێشتا گەلێك پێویستی  ماوە و كاری زیاتری پێویستە.
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە پارێزگای سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
پەیامی پارێزگار بۆ ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی
بەناوی خودا
كەس و كاری شەهیدانی سەربەرزی كوردستان 
پێشمەرگە قارەمانەكان
دانیشتوانی دڵسۆزی شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیری كوردستان.
ئەدیب و هونەرمەندان و نوسەران و رۆژنامەنووسانی بەرێز
هاووڵاتیانی خۆشەویست….
بەناوی خۆم و پارێزگای سلێمانییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لەهەموو لایەكتان دەكەم، بەبۆنەی یادی230 ساڵەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوەو دروست بوونی شاری سلێمانی  پایتەختی رۆشنبیری كوردستان و قەڵای كوردایەتی و بەرخۆدان و قوربانیدان.
بێگومان سلێمانی، هەر لە سەرەتای بونیاتنانییەوە تا ئەم چركەساتە، پێشەنگی كاروانی رۆشنبیری و كوردایەتی بووە و ئەم شارە مەڵبەندی چەكەرەكردنی بیری كوردایەتی و پێشكەوتن و رۆشنبیری كوردستان بووە، و دروست بوونی ئەم شارە قۆناغێكی نوێ‌ بوو لە كاروانی كوردایەتی و ئەدەب و هونەری كوردی و بۆیە هەمیشە سلێمانی جێگەی شانازی و ستایشی  نەك تەنیا خەڵكی شارەكە بەڵكو جێگەی شانازی هەموو خەڵكی كوردستان بووە.
بۆیە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا شەورۆژمان خستە سەر یەك بۆ  خزمەتكردنی ئەم شارەو  هەرچی زیاتر ئاوەدانكردنەوەو بەرەوپێش بردنی شارەكەمان، خۆشبەختانەش لە هێنانەدی ئەم ئامانجە هەنگاوی باشمان ناوەو گەلێك قۆناغمان بڕیووە و ئێستا سلێمانی لە زۆربواردا پێشەنگی شارەكانی كوردستان و عیراقەو سیمای شارێكی مۆدێرنی لەخۆی گرتووە.
بەڵام بێگومان سلێمانیش لەگەشەكردنێكی خێرادایەو هێشتا گەلێك پێویستی  ماوە و كاری زیاتری پێویستە، بۆیە بەڵین دەدەین  بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی سلێمانی خزمەتكردنی ئەم شارە بە ئەركێكی پیرۆزی نەتەوەی  دەزانین.
ئێمە پلانمان هەبوو، ساڵ بەساڵ بەرز راگرتنی یادی بونیادنانی سلێمانی گەشەپێبدەین و  چالاكییەكان بگەیەنیینە ئاستێك لە ئاستی مێژوو و ناوی سلێمانیدا بێت، بەڵام بەداخەوە بۆ یادی ئەمساڵ بەهۆی ئەو شەڕە نارەوایەی یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی هیچ چالاكی و مەراسیمێك بۆ یادی سلێمانی ئەنجام بدەین.
بۆیە لێرەوە داوای لێبوردن لە خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستان دەكەین و هیوامان وایە پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە سەنگەرەكانی بەرگریدا سەلامەت بن و تیرۆر و هەرەشەی تیرۆریستان لەسەر دەستی ئەوان كۆتایی بێت و ساڵی داهاتوو هەمووان پێكەوە یادێكی پڕ شكۆ بۆ شاری سلێمانی ئەنجام بدەین.
دووبارە پیرۆزبێت یادی بونیاتنانی شارە حەیاتەكەو هەروا لە گەشەكردن و پێشكەوتندا بیبینین.
بەهرۆز مەحەمەد ساڵح 
پارێزگاری سلێمانی