قازانجەكانی دانە غاز زیادیان كردووە

ئامارە ئابوورییەكانی  بازاڕی كاخەزە داراییەكانی ئەبوو زەبی ئاشكرایكرد، كە ئاستی قازانجی كۆمپانیای دانە غاز لەمساڵدا بەڕێژەی 9% زیادیكردووە بە بەراوورد بە ساڵی 2013، ئەم گەشەكردنەش لە قازانجدا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی داهات و دابەزینی تێچوونی فرۆشتن دەگەڕێتەوە. 
بەم شێوەیەش ئاستی قازانجی كۆمپانیای ناوبراوو لە 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بڕی 472 ملیۆن درهەمی تۆماركردووە بە بەراوورد بە ساڵی 2013، كە بڕی 443 ملێون درهەمی تۆماركردبوو.
لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا كۆمپانیای ناوبراو بڕی 307 ملیۆن درهەمی وەك دەستكەوت بەدەستهێنا لە هەر یەكە لە وڵاتانی میسر و هەرێمی كوردستان، بەم شێوەیەش بەهای پشكەكانی كۆمپانیای ناوبراو لە بۆرسەی دوبەی بەرزبوونەوەی تۆماركرد بۆ ئاستەكانی 0.60 ، هەروەها  بە بڕوای بەشێك لە شرۆڤەكارانی بواری بۆرسە بەهای پشكەكانی كۆمپانیای دانە غاز بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە تا ئەو كاتەی كۆتایی بە رەوتی بەرزبوونەوەی نرخ دێت.
كۆمپانیای دانەغاز كۆمپانیایەكی ئیماراتییە لە ساڵی 2005دا دامەزراوەو لە بواری دۆزینەوە و پاڵاوتن و دەرهێنانی گازی سروشتی و بە بازاڕكردنی كاردەكات. هەروەها خاوەنی چەندین نووسینگەیە لە كوردستان و عێراق ومیسر.