بەھۆی قەرزەوە یەکەی نیشتەجێبونی چەند ھاوڵاتیەک دەفرۆشرێت

وەزارەتی دارایی داوای فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبونی ئەو ھاوڵاتیانە دەکات کە بەسیستمی قیست شوقەو یەکەیان وەرگرتوەو ئێستاش پارەکەیان بۆ نادریتەوە، بەڕێوەبەری بانکی نیشتەجێبونیش لەپارێزگای سلێمانی زانیاری نوێ لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات و ڕاشیدەگەیەنێت، “سەرباری ئەو بڕیارەی دارایی، ھەرکەس قیستەکەی دوابکەوێت، غەرامەی دەچێتەسەر”.

یاسین حسێن بەڕێوەبەری بانکی نیشتەجێبون لەپارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، “ئەگەر کەسێک پێشتر سومەندبوبێت لەوەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبون و ئێستا نەتوانێت قیستەکانی بداتەوە، بەھیچ شێوەیەک قیستەکە لەکەفیلەکەی وەرناگیرێت، بەڵکو تەنھا کەفیلەکەی ئاگاداردەکرێتەوەو دواتریش غەرامە دەچێتەسەر پارەی مانگانەکەی”.

وتیشی:”بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی، ئەگەر ئەوکەسەی سودمەندبوەو قەرزەکەی تا ماوەی پێنج مانگ نەگەڕاندەوە، ئەوا دەبێت دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگابکرێت و یەکەکەی بفرۆشێریت و قەرزەکەی لێبدرێتەوە”.

لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی داراییشەوە یاسین حسێن تەئکیدیکردەوە، بەڕەچاوکردنی ژیانی ھاوڵاتیان، ئەوان ئەو بڕیارەیان جێبەجێنەکردوە.

سەبارەت بەڕێوشوێنیش بۆ بەزۆر گەڕاندنەوەی قەرزەکە بەڕێوەبەری بانکەکە ئاشکرایکرد، “ئێمە ڕێوشوێنی توند لەبەرامبەر سومەندبوان ناگرینەبەر، بەڵام ئەگەر قیستەکە نەگەڕێنێتەوە ئەوا غەرامە دەچێتە سەر قیستی مانگانەکەی کە دواجار خۆی زەرەرمەند دەبێت”.