چه‌مچه‌ماڵ 1600 كارتۆن رۆن و 6 تۆن خواردنه‌وه‌ی‌ گازی‌ له‌ناوبرا

هۆبه‌ی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ چه‌مچه‌ماڵ ئاشكرایكرد توانیویانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر 1600 كارتۆن رۆن و6تۆن خواردنه‌وه‌ی‌ گازیدا بگرن كه‌ماوه‌ی‌ به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك  ئه‌و  1600 كارتۆن رۆنه‌، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ویستراوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمه‌ داخڵی‌ هه‌رێمی‌ بكات و له‌بازاره‌كاندا ساغی‌ بكاته‌وه‌.
شاخه‌وان هادی‌ لێپرسراوی‌ هۆبه‌ی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌مه‌ڵبه‌ندی‌ خۆپاراستنی‌ ئه‌وشاره‌ راگه‌یاند: كه‌سێك ویستویه‌تی‌ بڕی‌ 1600 كارتۆن ررۆن بهێنێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و له‌بازاره‌كان ساغی‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌بازگه‌ی‌ بانیمه‌قام گومانی‌ لێكراوه‌و ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیراوه‌.
شاخه‌وان هادی‌ زیاتر رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ نمونه‌ی‌ رۆنه‌كه‌یان ناردووه‌ بۆ تاقیگه‌ی‌ سلێمانی‌ و له‌وێ‌ پشكینینه‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ نیشانداوه‌ كه‌بۆ خواردن ده‌ستنادات بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و رۆنه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 24 تۆن بووه‌و له‌جۆری‌(موی‌) بووه‌، ئه‌مرۆ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌  سوتێنراوه‌.
هه‌ربه‌پێی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ لێپرسراوی‌ هۆبه‌ی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ چه‌مچه‌ماڵ هه‌رئه‌مرۆ نزیكه‌ی‌ 6 تۆن خواردنه‌وه‌ی‌ گازی‌ كه‌پێشتر ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیرابوو به‌هۆی‌ ماوه‌به‌سه‌رچونیه‌وه‌ ئه‌مرۆ له‌ناوبراوه‌.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ شاخه‌وان هادی‌ كه‌له‌ په‌یجی‌  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ چه‌مچه‌ماڵدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م 10 مانگه‌ی‌ رابردودا توانیویانه‌ 191 تۆن خواردن و خواردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌به‌سه‌رچوو ده‌ستبه‌سه‌ربگرن و له‌ناوی‌ به‌رن.