هه‌ولێر ..بە بەشداری 625 كۆمپانیا لە 27 دەوڵەتەوە، پێشانگای پرۆجێكت عیراق 2013 كرایەوە

 بە چاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی ، پیشانگای پرۆجێكت عیراق بۆ كەلوپەل و پێكهاتە و تەكنیكی بیناسازی و پاراستنی ژینگە لەگەڵ پیشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی بۆ كەسەرتە و بەرهەمهێنان كارەبا و وزەی جێگرەوە و بەرهەمهێنان بە تەكنیكی ئاو و روناكی هەواو و پێشانگای زەوی و زار بۆ وەبەرهێنان لە عیراق 2013 كرایەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا كە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومی ئامادەی بوون،كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە لێدوانێكدا دووپاتیكردەوە كردنەوەی ئەم جۆرە پیشانگایانە كە شەشەمین ساڵە لە كوردستان دەكرێتەوە دەرفەتی باش بۆ هەموو كەرتی تایبەت و كەرتی حكومی دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی بتوانن بەو كەرەستەیەی نمایش دەكرێت ئاشنا بن كە بەشێوەیەكی هاوچەرخانە بۆ دروستكردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵات بەكاردێن و لەهەمان كاتیشدا بە دەرفەتێكیشی زانی بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكان بۆ ئەنجامدانی كار و پرۆژەی هاوبەش و ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هانی هاتنی ئەم جۆرە كۆمپانیا و كەرەستانە دەدات بۆ سوود وەرگرتن لە نوێترین پێشكەوتنی ئەو كۆمپانیایانە و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
للای خۆشیەوە پارێزگاری هەولێر نیشانیدا ئەم جۆرە پیشانگایانە دەرفەتێكی باش بۆ هەبوونی كێبڕكێ لەنێوان كۆمپانیاكان دێنێتە كایەوە و نیشانیدا بەپێی قسەی شارەزایان پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر یەكێكە لە باشترین پیشانگاكانی جیهان لەڕووی جۆر و نمایشكردنی كاڵاكان هاوكات ئاماژەی بەوەشدا توركیا بە 86 كۆمپانیا بەشدارە و ئیتاڵیا و ئێرانیش بە 80 كۆمپانیا و چەندین وڵاتی دیكە بەتایبەتی لەبواری كارەبا و كەرەستەی بیناوە بەشدارن و دووپاتیكردەوە هەبوونی ئەم ژمارە كۆمپانیایە بەڵگەی سەقامگیری و ئارامی ئەم شارەیە.