لەمساڵدا بەرهەمی پەتاتە زیاد لەپێویستی ناوخۆ بووە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جوتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 دا زیاتر لە پێویستی ناوخۆ پەتاتەیان بەرھەم ھێناوە، ئەم ڕێژەیە زیاترە لە پێویستی ناوخۆ، بەڵام ھاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە نەکراوە، چونکە کۆگامان نییە بۆ ھەڵگرتنی ئەو بڕە زۆرەی پەتاتە.
 
ھەر بەپێی ھەمان سەرچاوە کە وێنەیەکی ئامارەکان دراوەتە (باسنیوز)، ساڵی 2007 بڕی 63 ھەزار و 168 تۆن پەتاتە لە ھەرێمی کوردستاندا بەکاربراوە, کە 62 ھەزار و 285 تۆنی پەتاتەی ھاوردە کراو بووە, واتە رێژەی 99%ی کۆی پەتاتەی بەکاربراو, 883 تۆن پەتاتەش بەرھەمی ناۆخۆ بووە, ساڵی 2008 بڕی پەتاتەی بەکاربراو بووە بە 61 ھەزار و 186 تۆن، کە 60 ھەزار و 229 تۆنی ھاوردە بووە, بڕی 956 تۆنیش بەرھەمی ناوخۆ بووە, واتە رێژەی بەرھەمی ناوخۆ بووە بە 2% و بەرھەمی ھاوردەکراو بووە بە 98%ی کۆی پەتاتەی بەکاربراو لەساڵی 2008.
 
 
زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆ لەساڵی 2009 ەوە بوو
ساڵی 2009 بەرھەمی پەتاتەی ناوخۆ بە بەراوورد بە ساڵی 2008 بە ڕێژەی 92 زیادی کردووە و ئەو ساڵە 11 ھەزار و 767 تۆن پەتاتە بەرھەم ھاتووە, پەتاتەی ھاوردە کراویش 73 ھەزار و 133 تۆن بووە, واتە ساڵی 2009 بڕی 84 ھەزار و 900 تۆن پەتاتە بەکاربراوە، ساڵی 2010 بە بەراورد بە ساڵی 2009 رێژەی پەتاتەی خۆماڵی 58% زیادی کردووە و بووە بە 28 ھەزار و 329 تۆن, پەتاتەی ھاوردە کراویش بووە بە 66 ھەزار و 246 تۆن, واتە لە ساڵی 2010دا بڕی 94 ھەزار و 575 تۆن پەتاتە بەکاربراوە.
 
ساڵی 2011 بڕی پەتاتەی بەکاربراو گەیشتۆتە 142 ھەزار و 146 تۆن, بەرھەمی ناوخۆ بەب ەراوورد بە ساڵی 2010،  54% زیادی کردووە و بووە بە 61 ھەزار و 574 تۆن, بەرھەمی ھاوردە کراویش بڕی 80 ھەزار و 572 تۆن بووە.
 
ساڵی 2010 پەتاتەی ناوخۆ 50% زیاتری پێویستی ناوخۆی پڕکردووەتەوە.
 
ساڵی 2012 بڕی پەتاتەی بەکاربراو 135 ھەزار و 40 تۆن بووە, کە 80 ھەزار و 624 تۆنی پەتاتەی ناوخۆ بووە, بڕی 54 ھەزار و 416 تۆنیش پەتاتەی ھاوردە بووە, ساڵی 2013 بڕی 163 ھەزار و 20 تۆن پەتاتە بەکاربراوە, کە 89 ھەزار و 1 تۆنی بەرھەمی ناوخۆ بووە, 74 ھەزار و 19 تۆنیش ھاوردە کراو بووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندبوو ‘ساڵانە نزیکەی 75 ھەزار تۆن پەتاتەمان پێویستە کە ئێستا زیاتر لە 100 ھەزار تۆن پەتاتە بەرھەم دێنین, ئەم رێژەیە لە سەرەتادا تەنیا 1000 تۆن بوو, بەڵام بەھۆی پاڵپشتی جوتیاران کە ھەر ساڵێک بەشێوەیەک پاڵپشتیمان کردوونە, رێژەی ئەم بەرھەمە گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستا‌.
 
ھەروەھا گوتبووشی ‘خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرھەم ھێنانی پەتاتە لەبارە و دەتوانین ئەم ئاستی بەرھەمە بەرزتر بکەینەوە, ھۆکاری سەرکەوتوویی پلانەکەشمان ئەوەیە کاتێک بەرھەمی ناوخۆ پێدەگات تاوەکو لە بازاڕدا ساغ دەبێتەوە, ھاوردەکردنی ئەو بەرھەمە قەدەغە دەکەین‌.
 
ھەمووی لە کوردستان نەخووراوە
ئەمساڵ زیاتر لە 113 تۆن پەتاتە لەناوخۆدا بەرھەم ھاتووە, ئەنوەر عومەر تایبەت بە (باسنیوز) گوتیشی ‘ئەو رێژەیەی کە ھەیە ھەمووی لەناوخۆدا ساغ نابێتەوە, بەڵکو رەوانەی ناوەراست و خوارووی عێراق دەکرێت’, ئەنوەر عومەر دەڵێت ‘ئێستا ئەو پەتاتەیەی بەرھەم ھاتووە لە پێویستی ناوخۆ زیاترە و ئەگەر کۆگامان ھەبێت ھاوردەکردن بەیەکجاری قەدەغە دەکەین’.
 
ھاوردەکردنی پەتاتە ساڵی 2014 لە 15-110 قەدەخە دەکرێت، چونکە لەو کاتەدا بەرھەمی ناوخۆ پێدەگات.