زیانی 500 ملیۆن دۆلاری لێكەوت

کۆمپانیای فۆردی ئەمەریکی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبێل رایگەیاند: کە بەهۆی کێشانەوەی (850) هەزار ئۆتۆمۆبێل لە بازاڕەکانی جیهاندا زیانی (500) ملیۆن دۆلاری لێکەوتوە.
کۆمپانیای فۆرد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کە رۆژی دوشەممە (850) هەزار ئۆتۆمۆبێلیان لە جۆرەکانی (سی-ماکس و فیوژن و ئیسکەیپ و لینکۆڵن ئێم کەی زی مۆدێل 2013 و 2014)یان لە بازاڕەکانی جیهان کێشایەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، زیانی کێشانەوەی ئەو ئۆتۆمۆبێلانە (500) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییەوە و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی قازانجەکانی ئەم کۆمپانیایە لەمساڵدا.
لەبارەی هۆکاری کێشانەوەی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەش، کۆمپانیای فۆرد ئەوەی خستوەتەڕو، کە ئەو ئۆتۆمۆبێلانە کێشەی تۆڕی کارەبایان هەیە، بەتایبەت لە پەڕەشوتی ئۆتۆمۆبێلەکاندا، کە ئەگەر بێت و ئەو ئۆتۆمۆبێلانە توشی روداوی هاتوچۆ ببن، لەکاتی خۆیدا ناکرێتەوە.
بەهۆی ئەو کێشانەوە پیشبینی دەکرێت قازانجی کۆمپانیای فۆرد لەمساڵدا (2) ملیار دۆلار کەم بکات.