پاشەكشەی وەبەرهێنان لە سلێمانی

 تاچەند قەیرانە داراییەكەی هەرێم كاریگەری خراپی لەسەر وەبەرهێنان هەبووە؟ ڕێژەی وەبەرهێنان لەمساڵدا چەندە؟ پڕۆژەی هەزار یەكە بۆ كرێنشینان بە كوێ‌ گەیشت؟ ئەمانە و چەندین پرسی تایبەت بە بواری وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی لەم  دیدارەدا لەگەڵ فەرمان غەریب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی روندەكرێنەوە .
–  هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی دارایی گەورەدایە، تا چەند  كاریگەری لەسەر دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان هەبووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی؟ ئێستا دۆخی وەبەرهێنان لە چ ئاستێكدایە؟
فەرمان غەریب:  دەتوانین پشت بە بەراوردكردن ببەستین، تا بزانین ئاستی وەبەرهێنان بەرەو دواوە ڕۆیشتووە یان پێشكەوتووە، ساڵی 2013  ڕێژەی  وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە لوتكەدا بوو، بەجۆرێك ژمارەی مۆڵەتی  وەبەرهێنان گەیشتە 44 مۆڵەت ، هاوكات ڕێژەی سەرمایەی بەكارخراو زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵام لە ساڵی 2014 وەبەرهێنان بەڕێژەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كردووە، ئەمەش بەهۆی تێكچوونی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد و بڕینی بودجە، لەلایەكی دیكەوە هێرشەكانی داعش و تێكچوونی باری ئەمنی، هۆكاری سەرەكین بۆ دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2014 ژمارەی مۆڵەتەكان  تەنها نزیكی 20 مۆڵەتی وەبەرهێنان بووە، بڕی ئەو سەرمایەی بەگەڕخراو لە پڕۆژەكاندا زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە، بۆیە دەبینین لەمساڵدا پاشەكشەیەكی بەرچاو هەیە لە بواری وەبەرهێنان، گرنگترین ئەو بوارانەی لەم ساڵدا مۆڵەتی پڕۆژەی دراوەتێ‌ بریتین لە سێكتەرەكانی (پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی) و لە ساڵی 2012 وە مۆڵەتی پڕۆژەكانی نیشتەجێبون ڕاگیراوە.
–  ئێستا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دراوەتە بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیار وایە سەرجەم دەسەڵاتەكان لە بەڕێوبەرە گشتییەكان بسەندرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ هەولێر، زیانەكانی لێ سەندنەوەی دەسەڵات  و گەڕانەوەی بۆ هەولێر چییە؟ لەكاتی گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی دەستە، ئێوە لەكاری خۆتان بەردەوام دەبن؟
فەرمان غەریب: ئێمە فەرمانبەرانی میرین  ئەو بڕیارانەی لەسەرو خۆمانەوە بۆمان دێت جێبەجێی دەكەین، لە مانگی 11ی 2011 لەسەر پێشنیاری هێرش محەرەم ؛سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان؛ دەسەڵات دراوەتە بەڕێوبەرە گشتییەكان لە پارێزگاكان، هاوكات لەلایەن د.بەرهەم سەرۆكی كابینەی شەشەم پاڵپشتی گەورەمان لێ‌ دەكرا، مەبەستیش لە پێدانی دەسەڵاتەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەران بووە، بۆ بەرچاوڕوونی لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان لە 2006دا تا 2011 تەنها 93 پڕۆژە دراوە بە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە دوای 2011وە كە دەسەڵاتەكان دابەزێندرا بۆ بەڕێوبەرە گشتییەكان تا ئێستا 117 پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی مۆڵەتی دراوەتێ‌، ئەمە سەرەڕای ئەوەی  وەبەرهێنەران سەرجەم مامەڵەكانیان لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەمە ئیجابیاتی دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بوو.
 وەكو سلبیاتیش، بۆ ئەمە پێویستە ئەو كەسانە وەڵاممان بدەنەوە كە پاڵپشتی لە گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان دەكەن بۆ دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر، ئەگەر بەڕێوبەرێكی گشتی دەسەڵاتەكانی خراپ بەكارهێناوە لێكۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا بكرێت، نەك دەسەڵاتەكانی لێ‌ بسەندرێتەوە، بۆیە چاكتر وایە ئەم دەسەڵاتانە وەك خۆی بمینێتەوە، هەر لەو بارەیەوە  وەكو بەڕێوبەرە گشتییەكان ئەوەی پێمان وتراوە تا ئێستا زارەكییە، بە نووسراوی ڕەسمی پێمان نەگەیشتووە، سەرۆكی دەستە فەرمانی پێ كردووین كە لە 15ی9وە مۆڵەتی وەبەرهێنان واژۆ نەكەین، ئێمەش وەك ڕیزلێنانێك جێبەجێمان كردووە، هاوكات بە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانمان وتووە، پێویستە فەرمانی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكان بكرێت بە نووسراو، چونكە ئێمە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان دەسەڵاتمان پێ دراوە، پێویستە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی باڵا لێمان وەربگیرێتەوە.
–  وەكو بەڕێوبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی لەسەر پشكی یەكێتی دانراون، ئێستا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئێستا هیچ كێشەیەك لەنێوانتاندا دروست بووە؟
فەرمان غەریب:  لەسەر پشكی یەكێتی بەڕێوبەری گشتیم لە سلێمانی و شانازی پێوە دەكەم، بەڕێوبەری دهۆكیش پارتییە، لە ئیستاشدا سەرۆكی دەستە دراوەتە گۆڕان، ئەگەر ئێمە پیشەییانە كار بكەین نابێت گوێ‌ بە حزبایەتی بدەین، چونكە دەستەی وەبەرهێنان كار بۆ ئاوەدانی دەكات، ئەوەی بیرمان لێ نەكردۆتەوە لەگەڵ سەرۆكی دەستە لە هەولێر، ئەوەیە كە من یەكێتیم و ئەو گۆڕانە، ئامانجمان ئەوەیە بتوانین پڕۆژەی جوان بۆ سلێمانی بەگەڕ بخەین.
–  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەو دەسەڵاتەی هەیە تا بتوانێت بەڕێوبەرێكی گشتی لابدات؟
فەرمان غەریب:  بە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوبەرە گشتییەكان دانراون،  پێویستە بەهەمانشێوە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوبەرەكان لاببرێن، بەڵام پێموایە پۆستی پارێزگاكان پەیوەندییان بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەیە، بۆیە یەكلایی كردنەوەی پۆستی بەڕێوبەرە گشتییەكان پێویستی بە ڕێككەوتن و بڕیاری سیاسی هەیە.
–  بڕیارە هەزار یەكەی نیشتەجێ بۆ كرێنشینان دروست بكرێت، ئەمە بە كوێ‌ گەیشت؟ شێوازی دابەشكردنی یەكەكان چۆنە؟
فەرمان غەریب: پڕۆژەكە هەزار یەكەی نیشتەجێیە لە ناوچەی قولەرەیسی شاری سلێمانی بۆ كرێنشینان، زەوی بۆ تەرخان كراوە و لە ئێستادا چۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، بە نرخێكی گونجاو وە بە قیستی درێژخایەن دابەش دەكرێت، ماوەی جێبەجێ كردنەكەشی 28 مانگە.
–  كامانەن ئەو كۆمپانیایانەی لە سلێمانی جێ دەستیان دیارە لە وەبەرهێنادا؟
فەرمان غەریب:  هەموو كۆمپانیایەك بەپێی توانای خۆی توانیویەتی ڕۆڵی هەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی، چەندین وەبەرهێنەری دیار هەیە كە  ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەوانە فاروق گرووپ، گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان، گرووپی كۆمپانیاكانی بەرێز، هەروەها كۆمپانیاكانی هەڵەبجە و نەجمەدین.
–  چەند  وەبەرهێنەرێكی دیار هەیە لە سلێمانی مۆڵەت و زەوییان زۆر دەدرێتی بۆ پڕۆژە، ئەم جیاوازیە بۆچی؟
فەرمان غەریب: بەپێی پڕۆژە مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەر دەكەین، ئێمە زەویمان نییە، بەڵكو  لەلایەن شارەوانی سلێمانی زەوی دابین دەكرێت، دواتر دەكەوێتە سەر كۆمپانیا تا چەند دەتوانێت بڕوا بە حكومەت بهێنێت كە پڕۆژە جێبەجێ‌ دەكات، بەڵام لەساڵی 2011وە  یەك مەتر زەویمان نەداوەتە وەبەرهێن، تەنها لە ڕێگەی كێبڕكێوە بووە.
–  لەسەر چ بنەمایەك مۆڵەت  و زەوی دەدەنە وەبەرهێن؟
فەرمان غەریب: لەسەر بنەمای جوانترین نەخشە، باشترین چالاكی بۆ زەویەكە بەپێی ماستەرپلان، دواتر ئەو وەبەرهێنەرە چی بۆ شاری سلێمانی دەكات.
–  بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەكی زۆر زەوی لە سلێمانی دراوەتە چەند وەبەرهێنەرێك بە نرخێكی ڕەمزی، دواتر یەكەكان بە نرخێكی زۆر دەفرۆشرێنەوە، بەو هۆیەشەوە لەماوەیەكی كەمدا چەندین ملیۆنێر و ملیاردێر دروست بوون؟
فەرمان غەریب: تا ساڵی 2011 ئەم قسەیەی ئێوە ڕاستە، بەڵام لە دوای ئەو ڕیچَكەوتەوە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ وبەرهێنەكاندا گۆڕاوە، بۆنمونە زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بە كێبڕكێ‌ بۆ وەبەرهێنەر هیوا ڕەئوف دەرچووە، بەرامبەر بە دورستكردنی چەند بینایەك بۆ ئەو فەرمانگانەی لەناو سایلۆكەدان، دروستكردنی سایلۆیەكی نوێ‌، هەروەها ڕوخاندنی سایلۆكە كۆنەكە و پێویستە 25%ی زەویەكە بكرێتە سەوزایی، بۆیە لەبەرامبەر پێدانی زەویەكە كۆمەڵێك پڕۆژەمان پێ‌ كردووە، دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم پڕۆسەی وەبەرهێنان واتە قازانج، ئێمە بەپێی یاسا كە تێیدا هاتوە بە نرخێكی هاندراو یان بەبێ‌ بەرامبەر زەوی بدرێتە وەبەرهێنەر، بۆیە ئەگەر كێشە هەبێت لە یاساكەدایە، پێشتر داوای هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانمان كردووە.
سەرچاوە :خەڵك-سامان قویادی