خوێندنی پیشەیی‌و گەشەپێدانی ئابووری ‌

زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بەتایبەتیش دەوڵەتانی گەشندە، پێداگیری لەسەر بایەخدان بەسازدان‌و داڕشتنی سیاسەتی گەشەپێدان دەكەن بەئامانجی رەخساندنی بواری فراوان بۆ خوێندنی ‏بنەڕەتی‌و پیشەیی بۆ دڵنیابوون لەگەشەپێدانی بەردەوام، كە ئامانجی سەرەكی زۆرینەی دەوڵەتان‌و كۆمەڵگەكانە بۆ ئەوەی لەهەر بارگۆڕان‌و لاسەنگییەكی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی بەدووریان ‏بگرێت.‏
هەر دەوڵەتێك لەكاتی داڕشتنی هەر پلانێكی گەشەپێدانیدا، یەكەم كار كە خۆی بۆ سازدەكات‌و پلانی بۆ دادەڕێژێت پێویستییەكانیەتی لەهێزی مرۆیی راهێنراوە، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ‏لەبەدیهێنانی پێداویستییەكانی گەشەپێداندا بگێڕێت، كە گرنگترینیان پەرەپێدانی هێزی كاری راهێنراوو مەشقپێكراوە بۆ ئەوەی ئەركی بونیاتنان‌و ئەندیكەیتەرو پلان‌و بەرنامەو پڕۆژەكان ‏بەدی بهێنن، كە پلانە دارایی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتییەكە كردبوونیە ئامانج.‏
پارێزگاریكردن لەئاستی نزمی بێكاری
واتە هەر پلانێكی گشتیریی گەشەپێدان، پێوستە لەسەر بنەمای توێژینەوەی ماهیەتی جۆری ئەو خوێندنەی بەتایبەتی پیشەیی دابمەزرێت كە لەپلانی گەشەی ئابووری‌و كۆمەڵایەتیدا پشتی پێ ‏دەبەستێت. خوێندنی پیشەیی، جۆرێكی خوێندنە كە راهێنانی پەروەردەیی‌و بەدەستهێنانی شارەزایی دەستی‌و مەعریفی‌و پیشەیی لەخۆدەگرێت، لەپێناوی ئامادەكردنی نەوەیەك لەهێزی كاری ‏شارەزا بۆ پسپۆڕییە جیاوازەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازرگانی‌و كۆمپیوتەرو ئیدارەو تەندروستی‌و بەشەكانی تر.‏
بایەخی دەوڵەتان بەڕاهێنان‌و خوێندنی پیشەیی بەتایبەتی لەم بیست ساڵەی دواییدا، بەئامانجی خوێندن‌و راهێنان‌و سازكردنی ژمارەیەكی زۆری لاوانی ناوچە جیاجیاكان‌و ئاستە زانستی‌و ‏كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان بووە، بۆئەوەی یەك لەگرنگترین پێكهاتەكانی سیستمی گەشەپێدانی مرۆیی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی ئەو پلانە پێكبهێنن كە دەوڵەتان كار بەئامادەكردن‌و پراكتیزەكردنی ‏دەكەن، پێكبهێنن.‏
گومانی تێدا نییە، یەك لەگرنگترین ئەو ئامانجەی كە دەوڵەتان كاری بۆ دەكەن پارێزگاری كردنە لەئاستی نزمی بێكاری، وەك پێوەرێكی سەرەكی توانای دەوڵەتان لەسەر دۆزینەوەو رەخساندنی ‏دەرفەتی كاری هەمەجۆر بۆ لاوان كە تازە دێنە ناو بازاڕی كارەوە. بۆ دەرخستنی بایەخی رۆڵی گەورەی هێزی مرۆیی راهێنراو بەتایبەتی خوێندنی پیشەیی لەگەشەپێدانی ئابوورییدا، زۆرێكی ‏دەوڵەتان سەنتەرو پەیمانگاو تەنانەت زانكۆی پیشەیی پسپۆڕ لەخوێندنی پیشەیی دامەزراندووە، بۆئەوەی بتوانن لەڕێیانەوە ژمارەیەكی زۆری لاوانی رانەهێنراو بگرنەخۆ، تامەشق‌و راهێنانیان ‏پێبكرێت‌و بتوانن رۆڵێكی كارایان لەناو كۆمەڵگەی خۆیاندا هەبێت‌و ئەو بۆشاییەی لەپێداویستییەكانی بازاڕی كاردا چ لەڕووی ژمارەو چ لەڕووی جۆرەی كارەوە پڕ بكەنەوە.‏
پەرەسەندن‌و پێشكەوتنی پیشەسازی
خوێندنی پیشەیی بایەخێكی گەورەی هەیە، ئەویش لەڕێی كاریگەری لەسەر زۆرێكی سیاسەت‌و رێوشوێن‌و رێنماییەكانی تایبەت بەبازاڕی كارو كاریگەریی لەسەر جێگیركردنی وەزیفە پیشەیی‌و ‏پسپۆڕییەكان‌و رێگرتن لەبەرزبوونی رێژەی ئەوانەی بەدوای كاردا وێڵن.‏
بنەمای پێشكەوتنی دەوڵەتە پیشەسازییەكان لەماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا، پەرەسەندن‌و پێشكەوتنی پیشەسازی، بایەخدان بەخوێندن‌و راهێنانی پیشەیی بووە، زۆرێكی ئەو دەوڵەتانە بەتایبەتی ‏پێشكەوتووەكان بایەخێكی ئێجگار گەورەیان بەخوێندنی پیشەیی داوە، ئەوەش رەنگی لەسەر پێشكەوتنیان داوەتەوە، بەتایبەتی ئەڵمانیا، كە بایەخێكی ئێجگار گەورەی پێداوە، تاوەك یەك ‏لەهۆكارە سەرەكییەكانی بووژانەوەی ئەڵمانیای دوای دووەمین جەنگی جیهانی دابنرێت. لەئەڵمانیا، خوێندنی پیشەیی‌و راهێنان وەك بەشێكی تەواوكەری ژیان تەماشا دەكرێت، بەڵكو وەك ‏ئامرازێكی سەرەكی باشتركردن‌و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆمەڵگە دادەنرێت.‏
لەسەر بنەمای خوێندن‌و راهێنانی پیشەیی پلانی گەشەپێدانی گشتگیر دادەنرێت بۆ ئەوەی بەكۆمەڵگەیەكی پەرەسەندووی بەرهەمهێن بگەن، هەروەها وەك بزوێنەری سەرەكی پڕۆسەی ‏گەشەپێدانی ئابووری‌و یەك لەگرنگترین ئامرازەكانی جێگیری‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دادەنرێت. بەوەی رۆڵێكی دیاری لەبەگژداچوونەوەی هەژاری‌و گەڕان بەدوای كاردا دەگێڕێت، ئاستی داهات ‏باش دەكات، هەروەها رۆڵی بەرچاوی لەپڕۆسەی جێگیریی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئاسایشدا دەگێڕێت.‏
دەركردنی یاسایەك لەپەرلەمانەوە
باشتروایە پەرلەمان یاسایەك لەمبارەیەوە دەربكات، بۆئەوەی كەرتی تایبەت بەتایبەتیش دامەزراوەو كۆمپانیا گەورەكان پەیمانگاو سەنتەری پیشەیی پسپۆڕی دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی ببنە ‏یارمەتیدەری گواستنەو