مەرزی پەروێزخان جموجۆڵی تێکەوت

جێگری بەرێوەبەری گومرگی گەرمیان ئاشکرای دەکات ، بەبەراورد بە چەند مانگی رابردوو کە شەڕو ئاڵۆزی رووی لە چەند شارێکی ناوەڕاستی عێراق و بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردبوو، جموجۆڵی بازرگانی بەرێژەی %65 لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان زیادی کردووە.
جێگری بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گومرکی گەرمیان ئاراز خەلیفە قارەمان بە ئاژانسی ئانادۆڵو ی راگەیاند:” لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی شەڕوئاڵۆزییەکانی چەند شارێکی عێراق و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان و کۆنترۆڵکردن و داخستنی رێگا سەرەکییەکان لەلایەن چەکدارانی داعش و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێرە بارهەڵگرەکان جموجۆڵی بازرگانی و داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەڵکەوتووە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئارامبوونەوەی بەشێک لەو رێگایانەی کە هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەرێژەی %65 زیادی کردووە.
ئاراز خەلیفە قارەمان هەروەها وتیشی: ” لە %80 ئەو بارهەڵگر و شتومەک و پێداویستیانەی کە رۆژانە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگوازرێتەوە بەڵام لە ماوەی رابردوودا چەکدارانی داعش رێگا سەرەکییەکانیان کۆنترۆڵ کردبوو رێگایان نەدەدا شۆفێرە بارهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن بەمەش کاریگەری سلبی کردبووە سەر داهاتی مەرزی پەروێزخانی نێودەوڵەتی و بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو.
جێگری بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، زیاد کردنی جموجۆڵی بازرگانی لەسەرەتای ئەم مانگەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویانە رێگاکانی نێوان هەرێم و عێراق لە چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) پاک بکەنەوە ئەمەش ترس و دلەڕاوکەی لای شۆفێرە بارهەڵگرەکان رواندەوە و گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
هەروەها ئاراز خەلیفە قارەمان روونیشی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتووە جموجۆڵی بازرگانی هێندەی تر زیاد بکات ئەمەش بەهۆی کۆتای هاتنی وەرزی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەندێک لەبەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە وڵاتانی دەرەوە. مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان وەک خاڵێکی سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە کراوەتەوە، لە ئێستادا رۆژانە بەدەر لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریش هاتوچۆی تێدا دەکەن، ساڵی رابردووش لەسەر ئاستی عێراق بەیەکەم خاڵی سنووری دانرا کە زۆرترین هاوردەی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە.