نرخی جیهانی زێڕ لە دابەزینی بەردەوامدایە

هەفتەی ڕابردوو لێدوانەكانی جانێت یەلن بەرپرسی بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەربارەی ئەگەر بەرزكردنەوەی نرخی سوود لە ئایندەیەكی نەزیكدا، هۆكارێكی بەهێز بوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی و دابەزینی بەهای زێڕ بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەماوەی 2 مانگی ڕابردوودا.
لەدوای جێگیرنەبوونی نرخی زێڕ لەسەرو ئاستەكانی 1300$ بۆ هەر ئۆنسێك، كاردۆ كمال شیكاری دارایی ئابووری لە كەناڵی نێت تیفی پێشبینی دابەزینی بەهای زێڕ كرد بۆ ئاستەكانی 1280$ بۆ هەر ئۆنسێك،بەڵام بەهۆی بەرزی بەهای دۆلاری ئەمریكی و تۆماركردنی ئاستێكی مێژووی نوێ نرخی زێڕ دابەزینی زۆری بەخۆوە بینی بۆ ئاستەكانی 1276$ بۆ هەر ئۆنسێك و توانی سوود لە ئاستی پاڵپشتی 1275$ وەربگرێت و دووبارە بەرزبوونەوە تۆماربكات بۆ سەروو ئاستەكانی 1280$ .
كاتژمێر 10.56 خولەك بەكاتی هەولێر نرخی زێڕ لە ئاستەكانی 1288$ بۆ هەر ئۆنسێك مامەڵەی دەكرد،
بەشێوەیەكی تەكنیكی بەهۆی دروستبوونی دایفەرجینس لە پێنوێنی دۆلاری ئەمریكیدا ئەوا چاوەڕوانی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریكی دەكەین بۆ ئاستەكانی 82.27 كە دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستەكانی 1290$ بۆ هەر ئۆنسێك.
هەروەها ئامارەكانی ڕۆژی دووشەمەی ئابووری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئابووری ئەمریكا ئاشكرایكرد كە فرۆشی خانووە نوێ یەكان لە مانگی تەموزدا دابەزینی بەخۆوە بینیوە ئەمەش بووە بەربەستێك لە بەردەم بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی.
لەلایەكی دیكەوە ئامارەكانی ڕۆژی دووشەمە ئاشكرایانكرد بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە چینداو دابەزینی نرخی زێڕ ،هاوردەكاری چین لە زێڕ بە ڕێژەی 42% دابەزینی تۆماركردووە.
هەروەها ئاژانسی بوڵمبێرگ ئاشكرایكرد كە بڕی هاوردەكاری چین لە زێڕ لەمانگی تەموزدا تەنها 21 تەن بووە، بە بەراوورد بە مانگی ڕابردووی كە 36 تەنی تۆماركردبوو ، ئەم بڕەش لە هاوردەكاری بە نزمترین ئاستی هاوردەكاری چین دادەنرێت بە بەراوورد بە مانگی تەموزی ساڵی 2013 كە بڕی 113 تەنی لە هاوردەكاری تۆماركردبوو.
هەروەها بڕی هەناردەكردنی زێڕ لە چینەوە بۆ هۆنك گونگ لە 20 تەنەوە بۆ 17 تەن دابەزینی تۆماركردووە.
لە چارەگی دووهەمی دارایی ئەمساڵ بەهۆی كەمبوونی خواست لەلایەن كڕیارانەوە لەسەر زێڕ، بڕی بەكاربردنی زێڕ لەلایەن چینەوە بە ڕێژەی 52% دابەزینی تۆماركردووە بۆ 192 تەن.
بەهۆی گەشەكردنی خێرای ئابووری ئەمریكا، بانكی گۆڵدمان ساكس پێشبینی دەكات لەكۆتایی ساڵی 2014دا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ دابەزین تۆماربكات بۆ1050$.
كاردۆ كمال شرۆفەكاری بۆڕسە، پێشبینیەكەی كۆلدمان ساكس بەدوور دەبینێت، چونكە ئەگەر بێت و نرخی زێڕ بۆ ئاستەكانی 1050$ دابەزین تۆمار بكات ئەوا گەورەترین هەڕەشە ڕووبەڕووی ئابووری جیهان دەبێتەوە بەتایبەتی لە ئێستادا كە وڵاتانی جیهان خاوەنی چەندین صندوقی یەدەگن لە زێڕ، گەیشتنی نرخی زێڕ بە ئاستەكانی 1050$ دەبێتە هۆی فرۆشتنی چەندین صندوقی گەورە لە زێڕ ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خستنەڕووی زێڕ لە ماوەیەیكی كورتدا بەرامبەر بە دروست نەبوونی هیچ خاڵێكی كڕین، بەم شێوەیەش دۆخەكە بەرەو كارەساتی ئابووری گەورەدەچێت ، هەروەها دابەزینی نرخی زێڕ دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی خێرای بەهای یەنی ژاپۆنی و چەندین دراوی دیكە، كە خەسڵەتی سەلامەتی مامەڵەكردنیان هەیە و لەماوەی ڕابردوودا بە جێگرەوەی یەكەمی زێڕ دادەنران.
هەروەها كاردۆ كمال ئاشكرای دەكات كە ئەگەر بێت و نرخی زێڕ لەسەر ئاستی درێژ خایەن لەسەرو ئاستەكانی 1400$ بۆ هەر ئۆنسێك جێگیر نەبێت ، ئەوا پێشبینیەكەی كۆڵدمان ساكس ڕوو دەدات و دابەزینی بەهێز لە نرخی زێڕدا دەبینین.