هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیک 1855 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە زۆری لە نزیکەی 1855 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوە کرا.

نرخی زێر لە چەند کاژێری سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دابەزی بۆ نزیکەی 1849 دۆلار، بەڵام پاش چەند کاژێرێک زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەڕایەوە بۆ 1855 دۆلار.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 0.2% بەرزبووەوە و بە 1858 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای دۆلار بە رێژەی 2% بەرز بووەوە و لە 1830 دۆلارەوە توانیی بەرز ببێتەوە بۆ سەرووی 1850 دۆلار.

ئەم هەفتەیە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا جیرۆم پاول لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوە چەندین ئاماژە دەردەبڕێت لەسەر هەنگاوی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر چۆنێتیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.

هەرچەندە لێدوانەکانی سبەی و دوو سبەیی جیرۆم پاوڵ دەتوانێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت، بەڵام ئەو ئامارانەی کە بڕیارە رۆژی هەینی لەسەر بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوببێتەوە کاریگەریی بەرچاوتر لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.

هەفتەی داهاتوو ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 2 لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، کە ئەویش بە هەمان شێواز کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ لە بازاڕ دادەنێت.