رۆیتەرز: کەشتییە نەوتەکەی کوردستان لە تێکساس دیارنەماوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، کە کەشتی کالاڤرڤتا، کە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە گواستووەتەوە بۆ بەندەری گاڵڤستۆنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، لەچاودێری رادارەکانی ئەو بەندەرە بزر بووەو دیار نەماوە.
ئەو کەشتییە بۆماوەی یەك مانگ دەبێت کە لەو بەندەرەدا لەنگەری گرتووە و بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لە یەکێك لە دادگاکانی ویلایەتی تێکساس، لەوماوەیەدا نەتوانراوە نەوتی ناو ئەو کەشتییە بەتاڵ بکرێت تاوەکو 26 ئەم مانگە کە دادگای تێکساس دوای لێکۆڵینەوە لە داواکەی حکومەتی ناوەندی بەغدا، کە دژ بە باشووری کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی ئەو کەشتییە نەوتەی کوردستان تۆماری کردبوو، بڕیاریدا کە داواکەی بەغدا رەتبکاتەوە و بەم شێوەیە کورد توانی دۆسیەکە بباتەوە.
بەرپرسانی چاودێریکردنی کەناراوەکانی تێکساس رایدەگەیەنن، کە پێدەچێت کەشتییەکە بەرەو کەنداوی مەکسیك بەرێکەوتبێ و لەوێ نەوتەکەی بەتاڵ کردبێ، یاخود هۆکاری دیارنەمانی ئەو کەشتییە لە رادارەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە بەتەواوی لە بەندەرەکانی ئەمریکا دوورکەوتبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راشیگەیاندووە کە تاکو ئێستا نازانرێت ئەو کەشتییە بەرەوکوێ چووە و کێ نەوتەکەی کڕیوە، کە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار نەوتی هەڵگرتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە “کەشتییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر جار لە رادارەکانی چاودێری بزر دەبن و پاشان کە نەوتەکەیان بەتاڵدەکەن بەدیار دەکەونەوە”. 
 
ز.ر