هەناردەی نەوتی ئێران بەرزترین ئاست تۆمار دەكات

ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لە مانگی شوباتی ئەمساڵ گەیشتوەتە یەك ملیۆن و 650 هەزار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە راپۆرتێكدا رایگەیاند: لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا رۆژانە یەك ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە بكات، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی 20 مانگی پێشوتردا.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران پەیوەندی بە رێككەوتنامەی سەرەتایی نێوان حكومەتی تاران و كۆمەڵەی پێنج كۆ یەكەوە هەیە.
نزیكەی یەك لەسەر سێی ئەو نەوتەی ئێران كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە ئێرانەوە هەناردەكراوە، رەوانەی سێ وڵاتی چین، هیندستان و كۆریای باشور كراوە.
لەلایەكی ترەوە بە پێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لەمانگی ئاداریشدا گەیشتوەتە یەك ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
جێی ئاماژەیە بەهۆی سوربوونی حكومەتی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی، ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا چەندین سزایان بە سەر كەرتی نەوتی حكومەتی ئێراندا سەپاند، بەوەش ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران بۆ كەمترین ئاستی خۆی دابەزی و بەوەش ئابوریەكەی رووبەڕووی قەیران بووەوە.
لە كۆتایی ساڵی رابردوودا ئێران و كۆمەڵەی 5 كۆ یەك رێككەوتن لەسەر ئەوەی حكومەتی تاران چالاكیە ئەتۆمیەكانی سنوردار بكات و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەشێك لە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرن.