چل گوندی شارەزوور داوای سنورداركردنی گلدانەوەی ئاوی دەربەندیخان دەكەن

جوتیارانی چل گوندی ناوچەی شارەزوور ، بەهۆی ژێر ئاو كەوتنی زەوییەكانیانەوە ، داوای سنورداركردنی گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دەكەن.
ئەو جوتیارانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نزیكەی 10 هەزار دۆنم لە زووییەكانیان  كە كراون بە گەنم لە ژێر مەترسی كەوتنە ژێر ئاودایە بەهۆی زۆربوونی ئاوی بەنداوی دەربەنیدخان و داوا دەكەن سنورێك بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو بەنداوە دابنرێت.
جوتیارەكان رایدەگەیەنن پێش چاندنی زەوییەكانیان ئاگادار نەكراونەتەوە لە سنوری زیادبوونی ئاوی بەنداوەكەو ئێستا بەهۆی زۆربوونی ئاوی بەنداوەكەوە كێڵگەكانیان ژێرئاو دەكەوێت و بەروبوومی ئەمساڵیان كە بەسەدان تۆن گەنمە رووبەرووی فەوتان دەبێتەوە.
 بۆ گەیاندنی داواكارییان نوێنەری ئەو 40 گوندەی شارەزوور لەگەڵ بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا بریاردرا، “لەرێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە هاوكاری ئەو جوتیارانە بكرێت و بۆ ساڵی داهاتووش لە سنوری زیادبوونی ئاوی بەنداوەكە ئاگادار بكرێنەوە”
هەروەك لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی بریاریدا لەرێگەی كشتوكاڵی سلێمانییەوە دیراسەی ناوچەكە بكەن بۆ ئەوەی بتوانن  جوتیارانی باشتر سود لە  ئاوی ناوچەكە وەربگرن.