سەرەتای شارستانیەت، لە سلێمانییەوە دەسی پێكرد

دوو زانكۆی بریتانی، دوای پشكنین بۆ شوێنەوارێكی گوندی بێستانسوری سەر بە ناحیەی عەرەبەتی پارێزگای سلێمانی ، رادەگەیەنن ئەو شوێنەوارە كۆنترین شوێنەواری قۆناغی گواستنەوەی مرۆڤە لە راوكردنەوە بۆ نیشەجێ‌ بوون كە بە قۆناغی یەكەمی دروست بوونی شارستانیەتی ناودەبرێت.
ئەمڕۆ 7ی نیسانی 2014 ، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبوونی كەمال رەشید بەرێوەبەری شوێنەواری سلێمانی پێشوازیكرد، لە دوو پرۆفیسۆری زانكۆكانی ریدینگ و لیڤەرپۆڵی بریتانی.
لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتی پشكنینی شوێنەوارێكی گوندی بێستانسوری سەر بە ناحیەی عەربەت خرایە روو.
 بەپێی راپۆرتەكە شوێنەوارەكەی بێستانسور كۆنترین شوێنەواری مێژووی نیشەجێ‌ بوونی مرۆڤە لەسەر زەوی و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دەیەمی پێش زایین و یەكەمین شوێنەواری گواستەوەی مرۆڤە لە قۆناغی راوكردنەوە بۆ قۆناغی نیشتەجێ‌ بوون كە ئەو قۆناغە بەسەرەتای شارستانییەتی مرۆڤایەتی دەناسرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لە گرنگی ناوچە شوێنەوارییەكان كرایەوە
راگەیەندرا ئەو ناوچە شوێنەوارییەی گوندی بێستانسور بە باشی دەپارێزێت و بە هاوكاری زانكۆی ریدینگی بریتانی دیزاینك بۆ ناوچەكە ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری و زانستی .
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی، پشكنین و لێكۆڵینەوەی لە شوێنەوارەكانی سلێمانی” بە خزمەت بە كوردستان و مرۆڤایەتی وەسف كرد”
پارێزگار  رەزامەندیشی دەربڕی بۆ  ئامادەكاری  بەستی  كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو ئەنجامانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە كنەو پشكنینی ناوچە شوێنەوارییەكانی سلێمانی دەركەوتوون.  
بە وتەی بەرێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، كەمال رەشید  لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی (700) پێگەی شوێنەواری هەیەو ئەگەری زیادبوونی ئەو ژمارەیەش هەیە.
بەرێوەبەری شوێنەواری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ئێستادا (20) تیمی زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان لە پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی كنەو پشكنینی ئەو پێگە شوێنەواریانەن.
هەروەك لە ئێستادا چوار زانكۆی جیهانی لەوانە: لیڤەرپول و پەلسلڤانیا و ئۆساكای ژاپۆنی  داوایان پێشكەش كردووە بۆ پشكنینی شوێنەوارەكانی سلێمانی  وپارێزگاری سلێمانیش رەزامەندی دەربڕییوە.
  جێگەی باسە سەرجەم تێچوونی كنە و پشكنینی شوێنەوارەكان زانكۆكان دەیگرنە ئەستۆ و پارچە شوێنەوارییە دۆزاوەكانیش پێشكەشی مۆزەخانەكانی كوردستان دەكەنەوە. تەنیا  مافی دۆزیینەوەكە بۆ زانكۆكە دەستەبەر دەكەن.