وەبەرھێنان لە کوردستان گەشتووەتە 37 ملیار دۆلار

رێژەی وەبەرھێنانی دەرەکی لە ھەرێمی کوردستان گەشتووەتە 37 ملیار دۆلار و لەپێشەنگی ئەو وڵاتانەش  کە سوودمەند بوون، تورکیا ئینجا لوبنان و وڵاتانی دی جیھان دێت.
حەمزە نادر بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەکانی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند کە زۆربەی وەبەرھێنەرەکان روو لە ھەولێر دەکەن و رەتی کردەوە کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تایبەتمەندی بە شارێک لەسەر شارێکی دی درابێت، بەڵام وەبەرھێنەر ھەردەم شوێنێک ھەڵدەبژێرێت کە خۆی پێی وایە باشترینە لەرووی قازانجەوە بۆخۆی و دەستی کار تێیدا ھەرزانەو ئاسانکاری زۆرتری بۆ دەکرێ لە شوێنەکە، بۆیە رەنگە لەو رووانەوە ھەولێر لە ھەرشوێنێکی تری کوردستان باشتر بێت.
بەرێوەبەرەکەی پارێزگای ھەولێر لەدرێژەی لێدوانەکەیدا کە لەگەڵ ئیلاف سازی کردبوو، رایگەیاند کە رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان بۆ 3.5٪ پاشەکشەی کردووە، ئەمەش رێژەیەکی باش و بەرچاوە، ھەر وەک چۆن توانیویەتی قازانجی ئابووری بە وڵاتانی دراوسێ و دوورتریش ببێنێ، ھەموو ئەمانەش بەھۆی ئەو ئاسانکارییەوەیە کە لە یاسای وەبەرھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە بۆ وەبەرھێنان، گوتیشی.
جێی باسە یاسای وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان کە لەساڵی 2006 پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەردا، سوودی لە یاسای وەبەرھێنانی ئیمارات، فەڕەنسا، میسڕ و سعودیە و زۆر وڵاتی دی بینییوە و بە باشتر لەھەموویان دادەنرێت لەرووی ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەری دەرەکی، کە یەکێک لەو ئاسانکاریانە بریتییە لەوەی وەبەرھێنەر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە ھەموو باج و گومرگییەک ئازاد دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان جیا لە تورکیا و لوبنان کە پشکی زۆرینەی وەبەرهێنانەکانی کوردستانیان بەرکەوتووە، وڵاتی ئیماراتیش چەند پرۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێبوونی کردووەتەوە کە رەنگە لەداهاتوودا رێژەیان بەرەو پێشتر ببتات و جیا لەوانیش زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لەکوردستان وەبەرهێنان دەکەن.