بەرهەمهێنانی گەچ بەشێوازێکی کلاسیکی ‌

ماددەی گەچ وەك مادەی خامی بیناسازی‌و سپیكاری لەموسڵ، سەرەڕای پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو زانست، بەڵام هێشتا بەڕێگەی ‏زۆر كلاسیكی لەكانییە گەچەكانی قەراخی جادەكاندا بەرهەم دەهێنرێ.‏
گەچ كە لەبواری بەرهەمهێنانی ئاسن، پۆڵا، شووشە، كاغەز، سوودوەرگرتن لەزبڵ‌و پاشماوەكان‌و هەروەها لەكەرتی بیناسازیدا ‏بۆتە یەكێك لەمادە سەرەكییەكان، دوای زەحمەتێكی زۆر دەكەوێتە بەردەستی بەكارهێنەرانی.‏
گەچ لەوڵاتە پێشكەوتووەكاندا‌و لەسایەی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا بەبێ ئەوە دەست تێیادا ماندوو ببێ، بەرهەم دەهێنرێ، ‏بەڵام لەشاری موسڵ بەپێچەوانەوە گەچ دوای ماندووبوونێكی زۆری دەستی بەرهەمهێنەرانی، دەكەوێتە بازاڕەوە. لەناوچەی ‏شاكۆڵی كە ١٥ كیلۆمەتر لەموسڵ دوورەو لەسەر رێگای هەولێرە، ئەو كرێكارانەی لەسەر جادە كۆبوونەوە بەرەبەیانی زوو ‏بەرەو كانییەكانی بەرهەم هێنانی گەچ دەچن.‏
بەرهەمهێنانی گەچ
ئەو شوێنانەی كە پێشتر دەستنیشان كراون، لەڕێگای بەكارهێنانی نەوت‌و تەقەمەنییەوە دەتەقێنرێنەوە، دواتر بەشۆڤەڵ ‏پارچەكان دەردەخەن‌و بەمەتقاب ورد دەكرێن، دواتر سواری بارهەڵگرەكانی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەكرێ‌و روانەی بازاڕ دەكرێ.‏
ئەو وردە بەردانەی گەچ كە بەهەوڵ‌و ماندووبوونی كرێكارەكان لەدەوروبەری كانییە گەچەكەدا كۆكراونەتەوە، بەشێوەیەكی ‏زۆر تایبەتی لەسەر یەكتر كۆدەكرێنەوەو لەهەر كۆمەڵە بەردێكدا بەلانی كەمەوە ١٢٠ تۆن بەردی گەچ هەیە. بۆئەوەی هەوا ‏لەو بەردانە نەدا، درزی بەردەكان بەتۆزی گەچ دادەخرێ. دواتر كرێكارێك كە لەڕێگایەكی زۆر بەرتەسكەوە دەچێتە نێو ‏تەنوورەكەوە بۆ كردنەوەی ئاگر ئامادەكاری پێویست دەكا. ئەو نەوتەی لەڕێگەی تانكەرەكانەوە هێنراوەتە لای كۆمەڵە ‏بەردەكان، لەناو تەنوورەكەدا ئاگری تێبەردەدرێ‌و دوای ٢٦ سەعات ئاگر تێبەردان، بەردە گەچەكان دەتوێنەوەو لەلایەن ‏گروپێكی ٢٥ كەسییەوە دەخرێنە نێو دەزگای ورد كردنەوە، ئەو بەردانە كە لێرەدا دەكرێنە تۆز وەكو گەچی ئامادە بۆ ‏بەكارهێنان كۆدەكرێتەوە.‏
فرۆشتنی گەچ هەر وەكو بەرهەم هێنانی بەڕێگەی كلاسیكییە، ئەو گەچەی كە هەڵگیراوە بەبێ میزان كردن یا پێوانی ‏لەبارهەڵگرەكان بار دەكرێ‌و دەفرۆشرێ.‏
‏15 كانە گەچ
ئەمیر خەلیل یەك لەو كرێكارانەیە كە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی گەچە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:»من لەباوكمەوە فێری ئەو ‏كارە بووم، ٤٠ ساڵە ئەم كارە دەكەم، لەناوچەكەماندا بەردی گەچ یەكجار زۆرە، بۆیە پیشەی بەرهەم هێنانی گەچ لەباوكەوە ‏بۆ كۆڕ دەمێنێتەوە».‏
ئەمیر خەلیل لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت:»لەو رۆژەوەی فێری ئەو كارە بووم، تائەمڕۆ بێجگە لەگواستنەوەی گەچ، ‏لەهیچ پڕۆسەیەكی دیكەی بەرهەم هێنانیدا دەزگای جیاجیا بەكار ناهێنین‌و ساڵانێكی درێژە لەناوچەكەماندا گەچ تەنیاو تەنیا ‏بەهێزی دەستی مرۆڤ بەرهەم دەهێنرێ».‏
ئەو بەو جۆرە درێژەی بەقسەكانیداو وتی:»لەناوچەكەدا نزیكەی ١٥ كانی گەچ هەیە، هۆی ئەوەی كە ئێمە ئەو كارە دەكەین ‏ئەوەیە بەردی گەچ لەناوچەكەماندا زۆرە».‏
دەستی كاریان كەمە
خەلیل جەختی لەوە كردەوە، دوای كۆڵینی زەوی دەگەنە بەردە گەچییەكان، بەڵام هەر بەردێك كەڵكی ئەوەی نییە بكرێتە ‏گەچ، دوای دۆزینەوە بەردە گەچییەكان پڕۆسەیەكی دوورو درێژو پڕ لەزەحمەتی دەست پێ دەكا، لەیەك تۆن بەردی گەچ ‏نزیكەی ٦٠٠ كلیۆ گەچ بەرهەم دەهێنرێ، ئەو بەردانەی لەژێر زەوییدا دەردەخرێن زۆر قورسن، بەڵام دوای ئاگر تێبەردانیان ‏وشك دەبنەوە، بۆیە تۆزێك سووكتر دەبن.‏
خەلیل ئاماژەی بەوە كرد، لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی بیناسازی لەهەولێرو پەیداكردنی كرێكار، دەرهێنانی گەچ زەحمەت بووە، ‏بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندن لەناوچەكەماندا پێشتر دەمانتوانی كرێكار بدۆزینەوە، لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی بیناسازی ‏لەهەولێر كرێكارەكانیش حەزیان لەدابینكردنی پارەی زیاترە، بۆیە بەپارەیەكی كەم لەكانییەكانی دەرهێنانی گەچدا كار ناكەن.‏‎ ‎
كوردستانی نوێ‌